«وەگریان کەوتنی خەزاڵێ بە دیتنی لاس»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 1 دقیقه  383 مشاهده
لاسی کە دەدی خەزاڵە ئاوا
وەک تەرزە لە وێندەرێ تواوە
دەیکرد بە شین و بوو پەرێشان
زولفی لە ملا دەبوو وە پەخشان
بۆی هاتەوە بیگری لە سەر زین
مەم خۆیی دەخستە باوەشی زین
ئامێزی لەوی دەدا لە عەرزی
دانا لەشی ئەو خەزاڵە لەرزی
ئەو تیرە بە چاوی پڕ لە ئەسرین
هینایەوە دەر لە زام و لە برین
پەیکانی کە بوویی ژاری مارە
پڕ بۆوە برینەکەی لە ژارە
هەر چەند دەکراوە داو دەرمان
دەیکردەوە زامی ڕان، هەر ژان
تیراوێ لە ڕانی لاس پەیدا
بوو، چارەیی ئەو برینە نەکرا
بەو دەردە دەماوە ساڵ و وەرزان
لەو شێرە بڕا هۆمێد بە ژیان
حەوساڵ بە ساغی بە خۆشی
حەوتانە بە تووشی و نەخۆشی
دەژیا دەگەڵ ئەو خەزاڵە ماوە
گەر مرد لە غەما دڵی حەساوە
بۆ عەرش کە هەڵفڕی گیانی
ئاسوودە دەکەوتە وێ ژیانی
گرتی لە بەهەشت و باغ مەنزڵ
بۆ هەمدەمی حۆرییە لە نێو گوڵ
لەو جێیە دەکا گیانی سەیران
وەک بولبولە ئەو لە بەیتی تەیران