«دەستووری خەزاڵێ بۆ جێ ڕاخستنی لاسی»
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
749 مشاهده
ئەوجا کە لە خەڵک چۆڵ ئەبوو ماڵ
هەر مانەوە شۆڕە لاو و قژ کاڵ
عالەم کە ئەلەو سەرایە رۆیی
هەڵ بوو شنە بایی خۆ بە خۆیی
بێگانە کە ڕۆیی لەو دەمەی دا
جێی گچکەڵە چا کرا لە دەرگا
خانم کە لە تاوی لاسە مەجنوون
بوو، ئەو شەوە قامەتی دەبوو نوون
دەیگوت بە کەنیز ئەو نوێنە
تۆ ڕاخە لە بۆم و بم نووینە
سەر ئێشەمە عاجز و نەخۆشم
خۆ دێم و بە لێفەدا دەپۆشم
دەی ویست کە هۆبە بۆ وەخامۆش
بە ژوان بکا شووانە سەرخۆش
دەسکا بە پەیامی دڵنەوازی
بیکا لە نیاز و ڕاز ڕازی
ئامێزی لە یەکتری وەرێنن
چەقڵی خەمە هەر لە دڵ دەرێنن
لەو ماوەیە کچ بە ڕویی سووری
هەر بگری هەتاکوو لێی ببووری
کۆنەی نەکەن ئەو بە کێشە واژۆ
ئەو کاتە لە دەس نەدەن بە فێڕۆ
دای دەڕنی لە خۆیی گۆ و کرمەک
زوو نوست کە کەوتە ڕویی دۆشەک
بیری لەوە بوو کە لاس هەر دێ
دەنوێ دەگەڵ ئەو کچەی لەسەر جێ
وەک مێو لە بەژنەکەی دەهاڵێ
دەگرێ بە دەسی کەزی خەزاڵێ
تاڵان گرە هەر لە ماچ و مووچە
لەو کوڵمە کە کاڵە وەک هەڵووچە
نەیزانی هەوایی لاسە وایە
زیور بووە بۆ ژوانی نایە
دڵ پڕ بوو لە یاری بۆیە مەجنوون
لەیلی لە شەوا دەکرد مەحزوون
ئەو لاوە کە ون دەبوو لە بن جێی
لێی خەوت و سەری وەدەر نەنا لیی
هەر چەند خەزاڵە خۆی دەکرد مات
بۆ وەی کە بگا لە شەو بە ئاوات
مەم ئەو شەوە بۆ خەوا شەوی بوو
لەو دەرکەیە پڕخەبۆ خەوی بوو
گەر وایی دەدی خەزاڵ ئەو کات
دەیکردەوە ناڵە لەرزی لێ هات
ویستی قەرەواش وا بزانن
ئەو خانمە دەردەکەی گرانن
ئاگایی لە خۆیی هەر نەماوە
بێوازە دەڵێ شت ئەو بە باوە
کیژی دەجوان و گەردن کێلە
ئەو پەریە نەخۆشەیان دەشێلا
ئەو جارە کە خەڵکی هۆبە نووستن
هەڵوردنەوە کارەکەر بە خەوتن
هەر تاووسی ئەو هەوارە مابوو
ناسۆری دەروونی بێ دەوا بوو
هەر تاوە بە ناڵە و بە ژانێ
دەیناوە ملی لە هاتەرانێ