«ڕۆیشتنی کابرا و لاس بۆ چادری خەزاڵێ»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 1 دقیقه  482 مشاهده
گەر چوونەوە لایی پەریە شۆڕی
ئەو عاشقە بۆ دەبێ نەگۆڕی
زانی کە بەرەو خەزاڵ دەڕوا
یەکپایە پەڕەی دڵی دەئەنگوا
بەند بەندی دڵی لە لەرزەدا بوو
وەک مووی کەزی کچی مەلا بوو
کاتێ کە دەچوون ئەوانە، قژکاڵ
ئەستێرەیی دەرک بوو لە بەرماڵ
وەک تاووسی مەست خۆیی دەنواند
هۆشی لە جووان و پیر دەستاند
دابوویەوە دەم گوڵی دەم و ڕووی
دەیگرتەوە لاسە لەرزە وەک مووی
ئەو لاسە ئەوەی کە دیی دەبوو کاس
لەو جێیە دەماوە بێ قسە و باس
سەد هێندە کە بیستبووی جوان بوو
ئەو خاسە کەوێکی کوێستان بوو
دوعایی بەڵایی چاو و زاری
دەیخوێند لە ڕوو بە ڕوویی یاری
لە دوایی سڵاو ڕادەوەستان
بێ دەنگ وەکوو نەخۆش و خەستان