باسێ لە شەو بەسەرداهاتنی ئەحمەدئاغا
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
664 مشاهده
بوولێڵە بڕی لە ڕۆژ زەردی
شەو خێوەتی هەڵدەدا لە هەردی
دێوەزمەیی شەو ڕەشی دەپۆشی
دنیایی دەناوە ئەو لە کۆشی
شت، پاکی دەکەوتە بن دەواری
ڕەنگی شەوە لەو شەوەی دەباری
ئەو هەردە هەموو ڕەش و سیابوو
سیپایی لەسەر زەوی بڕابوو
ون بو لە دەوەن گەڵا و توولە
کربوویە بە قوولە کوندە هوولە
لاچو لە زەوی جوان شەنگی
تەق تەقکەرە بوو لە کێو دەنگی
بولبول بە سەدایی خۆش و نەرمی
شایەربوو لە باغدا بە گەرمی
ئاوازەیی بۆ گوڵان دەخوێند
دەیبەست قەرار و مەرجە بە سوێند
دەتگوت بە گمە و بە ناڵەقومری
چوون دوورە پەرێزی یارە دەگری
دەیکردەوە شین، کاسەڵەی شین
بۆ عاشقی بێ قەرار و غەمگین
ئەستێرەیی گەش مژۆڵی دەسڕی
چاوی زەقی ئەو لە عەرز دەبرێ
دەیکردەوە تا وەکوو بەیانی
بۆ شایی قولان پاسەوانی
شەو پەرچەمی گەر بە شانە دادا
مامز لە چریکە خۆی پەنا دا
ئەحمەد لە نوواڵی کێو و پارە
دەیکرد وەڵاغەکەی چەیارە
هێن عاجز و سستە پەل ببوو ئەو
ڕۆیشتنت لە عەرز و لێی کەوت خەو
ئەو ڕۆژەیە چون گەڕا هەتا شەو
کارێکی بەوەی نەبوو لەبەر خەو
نەیزانی کوێیە ئەو زەمینە
جێیەکی بەسامە یا ئەمینە
نێزیکە لە دێو و ئاوەدانی
تێیدایە شەتاوە یا نە کانی
مەیلی کە نەبوو لە نان و ئاوە
لەو چۆڵە بە نوستنێ حەساوە