چوونە ڕاوی ئەحمەدئاغا بە سواری ئەو ئەسپە

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  475 مشاهده
ڕۆژێکی دەچۆوە کەژ سبەینێ
ڕۆیشت بە ئەسپە سوورە بەینێ
ڕووی ناوە لە یاڵی بەرزە لووتکە
چۆ کێو و چیایی قوتکە قوتکە
دەی نۆڕەیە کێو و شیو باسک
تا دیی لە کەژێک، پۆلە ئاسک
چاوی کە دەکردن ئەو لە دووری
بۆ وانە دەچوو بە ئەسپە سووری
سوور هەڵدەگەڕاوە ڕویی زەردی
دەیدا سەری مەگبەتی لە بەردی
ئاسوودە لە غەم کەبوو خەیاڵی
شادی مژی ماتەمی دەماڵی
لەو ڕۆژەوە ئەسپە گچکەڵەی سڵ
پەروەردە دەکرد هەر وەکوو گوڵ
ئەعلیمی دەداوە وردە وردە
تابۆوە بە ئەسپی نێو و بردە
وەرزی کە دەگەییە چارساڵی
هەیبوو لە جیاتی لاق، باڵی
هەر باس لە شکڵ و شەوکەتی بوو
ئەو وێنەیی ڕەخشە، شۆرەتی بوو
نەیبوو کە هومێد ئەو بە ژینی
بەو ئەسپەیە هەر نەماوە شینی
کە سواری دەبۆ وە هەر بە قۆزی
تاریفی دەکەوتە خێڵ و هۆزی
بۆ وی بە هەموو دەم و بەزاری
دوعا دەکرا لە چاو و زاری
وەک ڕۆستەم و ڕەخشە خۆی و ئەسپی
ڕمبازی و چوونە کێوە کەسپی
ڕۆژ و شەوە هەر نەبوو قەراری
دەخولایەوە وەک مەلی نزاری
ڕێگایی دەسەخت و نالەبارە
دەیکرد بە ناڵە ئەسپ، پارە
کوێستان و چڕ و کەژ و تەلانە
ئەو بۆیی دەڕۆیی ڕۆستەمانە