وەڵامدانەوەی شێخی عارەبان
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
768 مشاهده
دەیداوە لە شێخ گەر کتوپڕ
تانە و تەشەر ئەو ژنەی وەکوو دۆڕ
قاقایی بە پێکەنین، کێشا
دێوەزمە دڵی بەوەی نەئێشا
غوڵی کە نەبوو حەیا و شەرمی
لە وڵاما وەها دوا بە نەرمی
چاتر لە هەزار ئەحمەدی تۆم
من مەزنم و ئەو گەریدە و دۆم
من خاوەنی موڵکم و وڵاتم
نەک هەرزە و چاوەش و خەڕاتم
بۆ تۆیی دەکەم دروستە باغێ
بۆ ئێرەمە ئەو ببێ بە داغێ
خانوویی لە گێج و ئاسن و سەنگ
بۆ ئێوە لە باغدا حەوت ڕەنگ
هەر ڕەنگە لە وێنەدا گوڵێ بێ
بۆ چاوی چنۆکە پێکۆڵێ بێ
تۆ هەرچی لە ئێمە بیخوازی
دەیهێنمەوە بەر دەست بە سازی
ڕێزت هەیە کە هەبێ بزانە حۆری
چت داوە لە ڕاکشانی زۆری
تا مردنە تۆ بژی بە حورمەت
حۆری بە، بە عیززەت و بە شەوکەت
شۆڤار بە چەندە جۆرە باوە
دڵداریی ئەو ژنەی دەداوە
هەرچەن بە زمانی نەرم، سابوون
دەیدایەوە ئەو لە پایی بەیبوون
خۆ بۆ وی نەبوو کەوی، کەوی وی
ڕۆژی لە دوا نەبوو شەوی وی
نەیبیست لە زاری ئەو وتەی خۆش
نەیکردەوە شینە ئەو فەرامۆش
بەیبوونی براو دەست بەستە
پاڕاوە ئەوەندە تا دەوەستا
زانی کە لەو ئەژدەهای هارە
نابێتەوە لەو کەژەی قوتارە
گریا بە هەنیسک و هەناسە
دەیڕنیەوە پرچی بن هەیاسە