مارەکردنی بەیبوون لە ئەحمەد ئاغا
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
1 دقیقه
908 مشاهده
کە چراغ لە مەزنی بوو بە میوان
ڕۆڵەی نەبەزی دەدی لە دیوان
چوون ئەو کوڕە زیرەک و جوان بوو
هەڵکەوتوو و لاو و قارەمان بوو
زانی کە لە کاردایە نەخشی
بەیبوونی بە ئەحمەدی دەبەخشی
ویستی کە هەڵۆ بکا بە زاوا
دەیدایه کەوێ کە بەو شیاوە
لەو جێگەیە لاوی هوشیارە
ئەو کیژەیی لێکراوە مارە
کە چراغ هەلی وەهایی دەسکەوت
دڵخۆش ئەوەندە بوو نەدەسرەوت
زاوایی بە بووکەکەی جوانی
دەژیاوە ڕەگەی گوڵی ژیانی
هەرچەندە کە دولبەری نەدیبوو
دێوانە و عاشقی ئەوی بوو
باسی لە نەجیبی و جوانی
بیسبوویی لە تیپی نۆکەرانی
جا بۆیە لە دوورە بولبوولی بوو
شەیدایی جەماڵی وەک گوڵی بوو
ئەزرەت بەوە بوو لە گوندی وەندێ
بکرێتەوە گەردنی لە بەندێ
بەو مەرجە کە دولبەری ببینی
ئەو بێ بە تەبیبە بۆ برینی
چاوی بکەوێ لەوێ بە یاری
بەو کەزیە ڕەشەی بریقەداری
دەیزانی لەسەر سەرایی مامی
ئەو کیژە دەکا دەوایی زامی