بەیانی دەوای نەخۆشی تەردید
از کتاب:
خەزنەی جەواهێر
اثر:
ملا احمد قاضی پنجوینی (1920-1983)
3 دقیقه
756 مشاهده
بۆ ئەوەی کەوا خەستەی تەردیدە
لە دڵیا کزە نووری عەقیدە
ئابەم میسالە با عیبرەت بگرێ
نەوا کوتووپڕ بەو دەردە بمرێ
شەخسێکی برسی چووەوە بۆ ماڵ
کەسی تیا نەبوو غەیری یەک منداڵ
بینی کە یەک زەرف پڕ لە تەعامە
تەعامی زەریف خۆش بۆن و تامە
ئیشتیهای نەفسی غەڵەبەی لێ کرد
چووە پێشەوە دەستی لەبۆ کرد
لە پڕ ئەو تفڵە بانگی کرد مەخۆ
خواردنی ئەوە زەرەرە بۆ تۆ
وتی بۆ وتی ئێستە کە یەک مار
هات سەری تێنا پڕی کرد لە ژار
جا قەت وەهمی کەس بۆ ئەوە ئەڕوا
ئەو شەخسە ئیتر لەو نانە بخوا
نەفس حەبسی ئەکا بەو برسێتییە
ئەڵێ لەم چێشتە چەشتن شێتییە
هەرچەند کە قسەی ناموعتەبەرە
بەڵام بۆ ژینم جێگەی خەتەرە
درۆ ک زەرەر هەر نەخواردنمە
ئەگەر ڕاستیش کا ترسی مردنە
ئەی خۆ یەکسەد و بیست و چوار هەزار
پێغەمبەر هەموو ڕاست قسە و گوفتار
کە بۆ دوژمنیان مەعلووم بوو ئەمە
مەدحی ئەخلاقیان تا بکەی کەمە
لە مەعریفەتا بەحرێ بوون بێ پەی
لە کەماڵاتا کەس پێیان نەگەی
هەموو فەرموویان خودای تەعالا
موحاسەبەی خەلق ئەکا لەمەولا
شک نییە کە دێت ساعەتی دەستوور
بە وەعدەی «اذا نفخ فی الصورعربی»
ناقور کە سەدای ئیحیا هەڵبێنێ
مردوو لە قەبرا ڕائەپەڕێنێ
جا هەر کەس وەفقی دەستووراتی ئەو
نەجووڵابێتۆ بە ڕۆژ و بە شەو
یا بە قانوونی ئەو ناڕازی بێ
لە ئیشی خۆیا هەر خۆی قازی بێ
لە ناو ئەو جەمعا ڕوویان ڕەش ئەکا
عەزابی سەختیان بۆ بەش بەش ئەکا
پەنا بە لوتفت ئەگرم ئیلاهی
لە هەوڵی حەشر و لە ڕووسیاهی
تەسلیمیان ئەکەن بە زەبانییە
کە هیچ وەک ئەوان غەزەبناک نییە
لە قەهر و غەزەب درووست کراون
بۆ عەزابی سەخت تەرتیب دراون
یەک زەڕڕە ڕەحمیان نەچووە بە لادا
خودا بە ڕەحمەت لەوانمان لادا
ڕووگرژ و عەبووس هەموو ڕق ئەستوور
هەیکەڵ و قەوی و لە تەرەححوم دوور
مەئمووری عیقاب ئەزیەت و ئێشن
ناوچاویان ئەگرن ڕایان ئەکێشن
تەسلیمیان ئەکەن بە دەستی مالک
ڕەئیسی تەعزیب تەبەقەی هالک
ئەویش ئەیاندا بە دەست مەئموورۆ
بە قەهر و بۆیان نەچن لە دوورۆ
ئەیانخەنە ناو قەعری جەهەننەم
حەبسخانەی پڕ لە ئێش و ئەلەم
کە تێیان ئەخەن دەستە بە دەستە
نەعرەتە پێکۆ ئەکا بڵێسە
ئاگر لە داخی ئەشقیای بێ فەیز
«تَكَادُ تَمَيَّزُ مِن الغَيظِعربی»
مەئمووری دۆزەخ جەسوور و قایم
عەزابیان لەسەر زیاد ئەکەن دایم
ئەوانیش هەموو «كريه المنظرعربی»
بێ ڕەحم و بەسام نیهایەت بەدەر
وایان وەسف ئەکا «خالق العبادعربی»
«ملائكه غلاظ شدادعربی»
حاڵی ئەمانە ئەبەد وەهایە
ئەبەدیش مەعنای «بلا نهايهعربی»
مەسەلەن بەینی زەوی و ئاسمان
پڕ کەی لە هەرزەن یا لە داڕووجان
تەیرێکیش ببێ هەر بە هەزار ساڵ
یەک دەنکی بخوا بە فەرزی مەحاڵ
عاقیبەت هەموو ئەبرێتەوە
ئەبەد هەروەک خۆی ئەمێنێتەوە
جا بەقەد قسەی مناڵێ تەنیا
باوەڕت نییە بەو گشت ئەنبیا
دەبا دەست بەردار لە خراپە بی
نەبا دووچاری ئەو عەزابە بی