نووری بەسەر
از کتاب:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
اثر:
امین اشنویی (1889-1954)
2 دقیقه
910 مشاهده
ڕوخساری مەهت قەتحەیی تەسویری فەرەنگە
گیسووت وەکوو ماری سیاهـ ماییلی جەنگە
شیرین و بەدەن نەرمی دڵت ڕەق وەکوو سەنگە
سوبحانە لە بەر ئەم قەد و باڵات چ شەنگە
دەنوێنی چو تاووس بە هەر ساعەتێ ڕەنگە
فەووارەیی خوونابی سروشکم لە دوو چاوان
دەیدا خەبەری سۆزی دڵ و جەرگ و هەناوان
بازی دڵەکەم ماهیرە هەر وەختێ لە ڕاوان
کێ فکری دەکرد وا زوو بگیرێ بە دوو داوان
وێستاکە گرفتارە بە دامی سیە زەنگە
ئەی نووری بەسەر ڕەوشەنی ڕووناکی دوو چاوم
دڵبەندی دەروونم فەرەحی جەرگ و هەناوم
ماتەم زەدەیی بەحری خەم و عومری تەواوم
وەک زولفی پەرێشانی تۆ شێواو و بڵاوم
وەک نوقتەیی زاتێ، دڵەکەم عاجز و تەنگە
ئەی سەروقەدی لالەڕوخی گوڵشەنی شادی
خورشیدسەما، حۆری لقا ماهـ نژادی
پاکە بەدەنت پاکی بە خۆت پاک نەهادی
چاوت وەکوو سادێیە، لە سادی تۆ زیادی
تووتی و زەغەن هەم قەفەسن پێکەوە! نەنگە
عیشقی تۆ سەعیدان کە دەکاتن شەقی ئەی گوڵ
هەم سۆفیی سەد ساڵە دەکا فاسق و بێ دڵ
دەشکێنێ گەلێک تۆبە ئەگەر زاهیدی کامڵ
حەقیانە کە چ بکەن تۆ بە زولفەینی چو سونبول
زوو سەید دەکەی ماهیی دەریا و نەهەنگە
بێچارە «ئەمینتخلص» بۆچی وەها هێندە دەناڵی
تاکەی بە ئومێدی هەوەسی زەوقی ویساڵی
حەیفە تۆ هەموو وەختێ لە دووی فیکر و خەیاڵی
مومکین نییە ئیدی کە ببینی تۆ جەماڵی
خامۆش بە مەناڵێنە لە کن کەس مەکە دەنگە