نەفسی زاڵم

از کتاب:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
اثر:
امین اشنویی (1889-1954)
 2 دقیقه  1137 مشاهده
ئاخ لە دەستی زوڵمی نەفس و ئەو جیهانەی حیلەگەر
ئەی سەڵا لە منی غەریب و ماڵوێران و قوڕ بە سەر
عومرێکم ڕابرد بە پووچی غەفڵەتم لێ بوو سپەر
قەت دە حاڵی خۆ نەفکریم چیم لەبۆ نەفعە و زەرەر
نامەیی ئەعمالی خۆم پڕ کرد لە عوسیان و لە شەڕ
دایک و بابم مرد و دیتم چون دە قەبری تەنگ و تار
دۆست و ئەحبابم هەموو کردیان لە دونیا کۆچ و بار
من لە ناو خزم و ڕەفیقان مامەوە بێ دۆست و یار
موزنیب و زار و زەلیل و ڕووسیاهـ و شەرمسار
مونتەزیر ماوم ئەمیش داخۆ دەکەم کەنگێ سەفەر
تاکوو ماوی ئەی برادەر دڵ بە دونیا خۆش مەکە
هەرچی نەفسی تۆ بڵێ بۆ تۆ زیانە گۆش مەکە
عەقڵێکی بینە وەبەرخۆ، هێندە خۆت بێهۆش مەکە
بادەیی عیشقی جیهان گەر شەربەتیش بێ نۆش مەکە
ئاخری زەهرە پەشیمان دەبیەوە ئەی بێ خەبەر
هەر لەوێ ڕۆژەی کەمن خوڵقام لەوێ دونیایی دوون
داییمەن هەر دڵ بە غەم بووم، نەمدی قەت ڕۆژێکی ڕوون
چونکە دوونیا هەر غەمە ئاخر هەبوون و یا نەبوون
گەر دڵت شاد کا دە ئەووەڵ، ئاخریش دەتکا زەبوون
تێ بفکرە ئەو جیهانە بۆ کەسێ قەت چوویتە سەر؟
شەو هەتا ڕۆژێ بناڵە هەر لە دەرگاهی خودا
بەڵکە ئیمانت نەکا لێ وەختی ڕوحکێشان جودا
هەر دە قەبری تەنگ و تاریک روحمی خۆتت پێ ببا
گەر بە لوتفی حەق «ئەمینتخلص» ئاسان جوابی خۆ دەدا
تا قیامەت هەر دەکا شوکری عەتایی دادگەر