ڕەنجوور

از کتاب:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
اثر:
امین اشنویی (1889-1954)
 1 دقیقه  1151 مشاهده
من خەرابی دەردی عیشقی فرقەتی دیداری تۆم
دڵ کەبابی داغ و هیجری ئاهی ئاتەشباری تۆم
هەر کە مردم با بزانن جوملە عالەم خاس و عام
کوشتەیی تیری نیگاهی دیدەیی خوێنباری تۆم
با لە کێلی من بنووسن نەخشی دوو ئەبرۆت بە خوێن
تا بزانی من شەهیدی تیغی سەیقەلکاری تۆم
عاشقی ڕوویی گوڵم داییم دەناڵم هەر سەحەر
عەندەلیبی باغی حوسنی گوڵشەنی ڕووخساری تۆم
گەر حەکیم نەیکوت عیلاجی عیللەتی جەرگی «ئەمینتخلص»
من دەڵێم ڕەنجووری عیشقی نەرگسی بیماری تۆم