پێنجخشتەکی لەسەر شیعری جاهید
از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
3 دقیقه
712 مشاهده
لە دادی پڕ لە بێدادی
لە گوڵشەنداری نامرادی
بزەی بەهرەی گوڵی خۆم دی:
پەڕی یادی بە دڵ شادی
بەرەو خۆشی و ئازادی
لەنێو سۆز ئاهەنگی شاییم
لە جەژنی یار پیرۆزباییم
بە نازی بەختی ساواییم
ئەکەم یادت لە تەنیاییم
لە بۆ من هەر ئەتۆ یادی
لە سیحری ڕاز قەد و کەمەر
ڕشتەی مرواری گوڵ چەمەر
بە ئیلهامی دڵی (ڕهبەر)
ئەنووسم چەند وتاری تەڕ
بەبێ مەستی و بەربادی
لەنێوان گوڵزاری لیمۆ
گۆپکەی مەمان ئەمژم بۆ خۆ
بادەی خەستم ئەکەمە هۆ
ئەبێ لێمان ببووری تۆ
ئەزانم چونکە (ئوستادی)
لە بۆ لەب نۆشی حەودارم
لە نەسرینی گوڵیزارم
لە بادەی سۆزی حەز چارم
بە پێنووس ناکەوێ کارم
ئەویش هەڵناگرێ بارم
کە دەردی ژین بەتاو دێتن
بزەی سەر لێوان ئەسوێتن
تاکوو گوڵ شالوور بدوێتن
ئەبێ ئەم گیانە خۆی بێتن
ببەخشێ پێت دڵی زارم
لە بەزمی ئەم پەرستینەم
لە بوتخانەی ئەم ئایینەم
هۆگری پەلکەزێڕینەم
تەما نابڕم لە ئەم ژینەم
مەڵێ داماو و بێزارم
ئەگەرچی تۆ متووی لێری
گوڵی مێلاقی هەڵدێری
منی (ڕەهبەر) بەناخێری
هەتا ماوم بەڵاگیری
دەمی گوڵخونچەی یارم
سەرم مەستە دڵم پڕ زام
ژیان بێزارە لێم هەر وام
بریا کوشتاری مەی من بام
سەحەر جام و شەوم هەر جام
بزانم چۆن ئەبێ ئەنجام
دەبا غەم لە قەفەس داکرێ
نێمی ئێش لە هەتاو ڕاکرێ
پەرچەمی یار لە گوڵ چاکرێ
بە هیچ جۆرێ لە یاد ناکرێ
چەنێ سەرسامم و شێواو
خۆزگەم لە ڕێت ببامە پرد
گوڵاڵەم بۆت چنیبا ورد
لە گوڵشەنی هۆنراوەی کورد
منت وا هۆگری خۆت کرد
کە ناتوانم بە کەس بم ڕام
شەراب ئەڕنم لە باڵای جۆ
سەراب ئەچنم لە چۆڵیی خۆ
گریانی خەستەم ئەڵێ هۆ
وتارە خۆشەکانی تۆ
ئەڵێن پێم تۆ نەڵێی تەنیام
لە چەپکی هۆنراوەی دە و لۆی
بۆ داری پەخشان لقوپۆی
دڵەی (ڕەهبەر) بە ئاخ و ئۆی
هونەرمەندێکی دڵ وەک تۆی
لە کام شوێن بی گری بۆ خۆی
لە باخچەی هەڵبەست هەراشی
خۆ بۆ ڕێی تاریک چراشی
لەنێوان خزمان براشی
ئەوەندە بێهەوا و باشی
کە مننەتباری نان و دۆی
شاتانی چەمی بێئاهی
لە گەردوونی ڕەشا ماهی
لە گەنجینەی دڵان جاهی
نە وەک ئاغای نە وەک شاهی
نە هەردەم گێژی هەشت و نۆی
ئەگەرچی چاو گوڵی گەشتە
بزەی لێو بولبولی ڕەزتە
چرای بەختیاریی پێشڕەوتە
لەبەر ئەم چەرخە کەجڕەفتە
هەموو دەم دڵ بە سۆت و سۆی