کێ!؟

از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
 1 دقیقه  720 مشاهده
کێ خوناوی لێوی گوڵێ مەستی ناکا؟
کێ فیغان و ناڵەی دڵێ پەستی ناکا؟
کێ مەی لە زاری مێلاقێی نەڕشتووە!؟
کێ بۆنی خونچەی لەیلاقێی نەکوشتووە!؟
کێ بەهاری نەچنیوە لە گوڵشەندا؟
پەلکەزێڕینەی نەڕنیوە لە چیمەندا؟
کێ پەخشانی نەڕستووە لە چەپکە گوڵ؟
کێ هۆنراوەی نەبیستووە لە دەم بولبول؟
کێ لەگەڵ شەپۆل نەدواوە لە ڕووبارێ؟
لەگەڵ سەوزەگیا نەڕواوە لە نسارێ
بادە لە جامی نەرگزێ نەنۆشییە؟
کێ هەیە دڵی نەلەرزێ لە خۆشییە!؟
با بێتە سەیری گوڵزاری نیشتمانم!
بێتە سەیرانگای دڵزاری کوردستانم!
تێ ئەگا بۆ نەورۆزم ئەکەم جەژن و یادی!
بۆ گرتووتییە بەر هۆزەکەم ڕێی ئازادی!