هیوای بەهار

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  786 مشاهده
داد لە زستان
لە زستانی شوومی پڕ ژان!
کڕێوەی ئۆف ئەبارێنێ
تەن و دەروون ئەتەزێنێ
بە هەر بەرگێ خۆم ئەپۆشم
هەر سەرمامە...!
ئەژنۆی تەزیو هەموو زامە!
دڵ بێ کامە..
جا ئەچم بۆ پەنا و پەسێو
لای ئاگردان...
بۆ پشوودان..
تا گەرمی کەم پەنجەی تەزیو
سەیر ئەکەم ژیلەمۆیە
ئای بێ چاری...!
چۆن ساردی ئەم پل و پۆیە؟
دائەمرکێ بە ئاسانی
بە یەکجاری...
پیاو چاکی بۆ هەژار کوانێ؟
ڕزگارم کا و دەستم بگرێ؟
فرمێسکی بێزاریم بسڕێ
کوانێ بەهاریش دەرنەکەوت؟
هەر دەرنەکەوت..
بەهار خۆزگەم بە نەورۆزت
بە گژی جوانی پیرۆزت
تا بەگڕی گەرمی پڕشنگ
لەگەڵ بزە بەخشی گزنگ
ئەبڕایەوە سەرما و سۆڵی
زستانی زۆڵ..
ڕزگار ئەبووین لە کڵۆڵی
بەهەڵپڕکێ و بەستە وتن
لەنێو جەرگەی چیا و دەشت و دۆڵ
گیای نەرم و نۆڵ..
تا بەتیشکی خۆری ڕۆشن
ئاسۆی بێ بن..
پەردەی بەفری کەلی هیوا
ئەتوایەوە..
ئاواتێکی تازە ئەڕوا
تاکوو هەموو بە سەربەستی
ئەخولاینەوە..
بەپڕ هەستی..
بە دڵشادی
لە کۆش بەهەشتی ئازادی
خۆزگە نیازم ئەهاتە دی
لەناو ئەچوو ئەم زستانە
سەرما زیندە بەچاڵ ئەبوو
لە باخی ئەم کوردستانە
ئەو زۆردارە لەناو ئەچوو
تاکوو ئێمەش..
بە گیان و لەش
دەس لە دەس بەدەنگ دەربڕین
بە هەڵپەڕین..
دەستە دەستە کۆمەڵ کۆمەڵ
کچی شۆخ و ئێمەی کوڕ گەل