ڕەهێڵەی چاو
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
2 دقیقه
784 مشاهده
ڕۆژی تێ پەڕبووم بە شەقامی شار
ئەم خەڵکەم ئەدی سواڵکەرێک بێزار
(زۆر بەئەسپایی بە دەست پانکردن
ڕوو بەرەو ئاسمان، سکاڵا کردن)
خەڵکی پڕ بە دەم، هەڵپچڕینی ( زەم)
پاش ملە وتەی ناشیرین و کەم
یا بەپاڵە سووی دژێ پڕ بەدەنگ
هەژاری بێ چار، هەبوو وەک نەهەنگ!
نە پووڵ نە خواردن، پێی نەئەدا خۆی
خەڵکیش پێی نەدا: ئەو بوو ئەبووە هۆی
*
دەوڵەمەند: با تۆ جێگەت بەهەشت بێ!
تەلاری بەرزت، شوێن گوڵ و گەشت بێ
جلی (فاسۆن)ی وا بریقەدار
بڕۆی لە بەرتا لەگەڵ دوو نازدار
گیرفانی پڕ و ئۆتۆمبێلی جوان
پیاوەتی کردن، یا خۆهەڵکێشان
فیزت بەتەقەی (پێڵاو)ی تازە!
تۆز لێنەنیشتوو هەر بۆ تۆ سازە!
ئەی پاشی مردن، بۆ کوێوەی ئەبەی!
یارمەتی هەژار، داماوێ نەدەی!
*
هەژار: دەبا تۆش بەشت هەر وا بێ
ئەو ڕەنجەش ئەیدەی هەمووی بەبا بێ
بێ هیوای ژیان دڵت غەمگین بێ
گیرفانت کون و خاڵی و زەبوون بێ
جلە چاکەکەت دڕا و سەد پین بێ
خواردنت ( نانی بڕوێشی قین )بێ
کاریش کە هەتبێ دە ڕۆژان نەتبێ
لە هەندێ شوێنیش دز و جەردە بێ!
ئەی خوا ئەم (حاڵە) تاکەی ئەهێلی
هەژار لە گۆڕی ژینا ئەشێڵی!
*
ئنجا منیش دێم شینت بۆ ئەکەم
چیت ئامۆژگارە جێبەجێی ئەکەم
ئەگریم: دار دەستی شوومی، هەژاری
کوشتت لەبرسا لاو لەژێر باری..
هێندە گران بوو نوشستی هێنا
خوایە بەزەییت بۆچی نەهێنا؟
جا ئەو هەڵبەستەم پێشکەشی تۆ بێ
لەنێو گۆڕیشا گوێت لەڕۆڕۆ بێ!