رۆژی لەدایکبوونم

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 1 دقیقه  882 مشاهده
زۆر نووسرابوو...
ژان، بیرە نەوتی دەروونە
خەم، گڕێکە، لە هەڵچوونە
زۆر نووسرابوو...
شارێ گیرا... زۆر کەس کوژرا
بۆمبا تەقی... بە ناو هەوری قرچەی گەرما
زۆرمان دەبیست، مافی مرۆڤ
واتە لێدان...
سزا، زیندان.
زۆرمان دەبیست، شۆڕش، شۆڕش
شۆڕش لەناو... خوڕە و شەپۆلی ئارەقەی کرێکاران
زۆرمان دەبیست، فاشست، نازی
هێرۆشیما ئەتۆم بازی.
تا زامی سوور فێری خوێندەواری کردین
خوێندمانەوە
چەوسانەوە
خوێندمانەوە
نان و وڵات و ژێردەستی
خوێندمانەوە... خەبات، سۆشیالیست، سەربەستی
لە فێرگەی شەو نووسین فێربووین
تا نووسیمان...
(چەپکێ چاوی مێشکی هەژار)
بارگەی شەپۆلی ڕووبارین
گرد و کۆی گشت تەلانێکین... هاتووین بەغار
لە شاخی سوور، گردۆڵکەی ڕەش، نووسیومانە
لە سووتانی خۆمان گڕین
لە ناو لوولەی ویستی برسی، گوللەی دڕین
تا فێری نووسینی ئەم وێنانە نەبووم
هێشتا نەبووم.
کە فێری بووم... لە دایک بووم