بروسکەیەک لەدڵەوە

پێشکەش بەو قوتابییانەی تازە چرۆ بوون و بە زۆر لێکیان دابڕین
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  804 مشاهده
بروسکەیەک لە دڵەوە
(پێشکەشە بەو قوتابیانەی تازە چرۆبوون و بەزۆر لێکیان دابڕین)
 
شاگردەکان.. جێتانم ھێشت
کەجێم ھێشتن..
سەرکەوتنتان..
ھێشتا بێچووی ناو ھێلانەی تێکۆشان بوو
کەجێم ھێشتن..
ئازوخەی ماڵ وێرانیتان
لەناو تەرازووی کێشان بوو.
رۆیشتم و.. خۆشەویستیم.
ماڵ ئاوایی لە یادگارتانا نەکرد
ئێستەش چاوم لەگریانە
لەئێوەیان دابڕیم و خستمیانە، بەندیخانە
رۆیشتم و بەھاری سوور،
مەلەی لەناو روبارتانا نەکرد
خۆشەویستیم..
ماڵ ئاوایی لەیادگارتانا، نەکرد
شاگردەکان..
حەزم دەکرد.. گەرمی یەک بم
لەژێر جلی دڕاوتانا..
راوی تەزووی زستان بکەم
حەزم دەکرد ئاسمانێ بم
گوللەی سامی بزەی ئێوەم لێ تێپەڕێ و
باسی بەری بێستان بکەم
دوورنیم لێتان
مناڵەکان..
لەرۆژباشا.. لەسروودی بەرەبەیان
دەتان بینم
لەگەڵتانم.. لەخاوێنی و..
ئاوێنەی دیواری ڤیان..دەتان بینم
مناڵەکان..
وەک شاگردێ، وەک فێرکارێ
ھاوەڵتانم
لەگەڵ زەنگی ھەموو بەیان..
وەک چەپکە نێرگزی ژیان
لەگەڵتانم، شاگردەکان
دورنیم لێتان
نزیکتانم.
توخمی شیلەی گوڵە گەنمی فەریکتانم
لەناو جانتای کتێبتانا
دەرس و شیکاری شەوتانم
نزیکتانم..
کاوەی نەورۆزی خەوتانم
. لەھاتوچۆی قوتابخانە
دڵم لەناو دڵتانایە
پەپولەی زیندانی تەمەن
لەناو باخی گوڵتانایە
شاگردەکان..
لەفێرگەی خۆشەویستیتان
بەپڕپۆڵەی خوێندەواری
مرۆی ئازا، بەخێودەکەم
لەناو مێرگی سەرەمەرگا، وەک چەتەیەکی ماڵ وێران..
ئێوەی بوێر، بزێوە دەکەم.
شاگردەکان.
ئێوەن شوفێری شابیری چاڵی مێژوو
ئێوەن بەری گۆڕستانی ژینی پێشوو
ئێوە داسی ھاوینێکن
درەوی بەفری دۆڵ دەکەن
ئوتیلی ناو دێھاتی گیان
فڕۆکەی زام چۆڵ دەکەن
شاگردەکان..بەمن دەڵێن : لێمان دوورە
واتێنەگەن..! هەرگیز کۆتری ئەندێشەم
لەچیمەن و شاخی سبەی
دەنووک سوورە