دوا ماچی وشە

بۆ کچێکی مامۆستا کە هەر بە خوشکی خۆمم زانیبوو.
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  876 مشاهده
سەردەمێ بوو... چۆکی سوجدەی من پەرستیت
لەسەر تاتی ئامانجی دوور... چاک سوا بوو
تا لێرە بووی... پەیکەری من
لە ناو باخچەی پڕ لە میوەی نیاز ڕوابوو
*
مافی خۆت بوو، کە وا خۆت بۆ من هەڵگری
خەمی تەڵخی بە تەنیاییت
بە ئاگری من پەرستیت
لە ئاسمانی شوێن پێ ی خانزادا داگری
*
ئەی ئەو نازەی
گەردەلوول بووی لە ڕووی لاوێ
ئەی ئەو فیزەی، وەکو بیرێ... تەنیا خۆتت خستە ناوێ
*
ئەی کۆچ کردو...
لە ساڵی پار... زۆر جار ویستت
جامی یەکەم خۆشەویستیم پێ بڕێژی
زۆر جار وتت: دەبێ شێوەی دەسگیرانت
لە گۆڕی یادا بنێژی.
بەڵام تەمی دڵی هەڵچووت
لەگەڵ شیعرم نەبوو بە جووت.
*
لە پارەوە... ئاشی ئاوی خۆشەویستیت
دەنگی دەهات
تا کۆچی تۆ... مزگێنی تیشکی ناوی من
هەستی روناکی ناوی من لە دەم کەلا زوو هەڵدەهات
*
ئەی کۆچ کردو...
دادگای شیعری شاری کۆیە
با بزانێ... ئۆباڵی ئازاری خۆتت لە ئەستۆیە
ئاخر تەمی دڵی هەڵچووت
لەگەڵ شیعرم نەبوو بە جووت
*
دوای کۆچی تۆ... شیعری هەتیو...
هەموو ڕۆژێ لە شوێنەواری ڕێگاتا
لە پێخوستی هەنگاوەکانت دەگەڕێ
لە نێو کۆڕی دەستەی خوشکان لە جێگەتا
لە ڕۆژباشی، نێو چاوەکانت دەگەڕێ
وا بە دوای باسێ دەگەڕێ
باسی تۆ بێ
بە دوای وتەیەک دەگەڕێ
شیرین بە سۆز. بە تام وەک سوپاسی تۆ بێ