وتەی چەوساوەیەک

لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» بڵاوکراوەتەوە.
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  1119 مشاهده
(خۆر) بێزار بوو لە بێدەنگی
لە تاریکی و لە درێژی شەو
سڕ بو. وشەی: (کەی دێ)، کەنگی؟!؟!
لە پرسینی هەواڵی شار
لە پرسینی، کۆتایی خەو.
*
لە پەرستگای خەونی وشە.. دەممان سوا
ساڵ و ڕۆژمان تەرخان کرد بۆ بێدەنگی خوا
لووت و دەم و سییەکانمان
لە مژینی بۆنی کەلاکی نەوسنی، پەنگدراوە
ویژدانی ڕاست، لە ئازاری ژینی ئەمڕۆ
لە سێدارە... پەتی دوێنێ ی لە مل کراوە
*
جەندرمەکانی تاریکی پێ یان وتم...
لە دیدەنی خۆری ژینا... چاوی گەشم ببەستمەوە
بەدبینەکان پێیان وتم:
دڵی زیندووم، لە گۆڕێکا، بە هەردوو پێ بپەستمەوە
دەنگ ناسازان، پێیان وتم:
سروودەکەی دڵی گریاو تۆمار نەکەم
ترسەنۆکە جێ گەرمەکان پێیان وتم:
لە کوشتن و چەوسانەوەش، هاوار نەکەم
پێ یان وتم، تەڵقینیان دام
بە خوترمەی سوودی خۆیان، لەژینیاندام
هەتا خێرا، فێریان کردم
بەرەو ئاسۆی پێچەوانەی خۆیان بردم
*
ئەو کاتە هات... لە دایک بێ مناڵی خەم
ئەو کاتە هات... پێنووسەکەم گڕ بنووسێ
بنووسم (هەم) هەر بڵێم (هەم)!
ئەو کاتە هات... ئاوازە زۆر گریاوەکەم
بە سروودی وشەی نەمر... چەوساوەکان گشت بپرسێ
ئەو کاتە هات... وشەکانم، لە سنووری ناو سێدارە ڕزگار بکەم
ئەو کاتە هات... قەلی برسی هەڵفڕێنم
بە سەربەستی بڵێم، بخۆم، بە وریایی، هاوار بکەم