وەختە لە دایک بم

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 1 دقیقه  780 مشاهده
دۆستەکانم، هێشتا وشەم..
سواڵکەرێکی، ژیر تەلاری دەوڵەمەندە
هێشتا وشەم بێ نان و ئاو
چاوەڕوانی خێری بیرە، بیری خەندە
هێشتا وشەم،
جوتیارێکی بەبێ عەرد و، ماف خوراوە
لەژێر زەبری دەرەبەگا..
گیانی ئازاد داڕزاوە
هێشتا هەستم وەکو مناڵ، بۆ خۆر دەگرین
ترساوێکی بێژەی بڤەن
لە چاویانا دەڕژێ ئەسرین
هەرچەند وایە، وشەکانم
لە باوەشی دایکی بڕوا فرچک خۆرن
زۆر چاوتیژن...
وەک بڵێسەی لوولەی تفەنگ، پشکۆ سورن
وشەکانم، وتەکانم، سەنگیان هەیە
دەنگیان هەیە، رەنگیان هەیە
کۆرپەیەکی زمانزانن
پەروەردەی شیری گۆی مەمکی بابەگوڕی کوردستانن.
دۆستەکانم..
نازانم ئێوەش وەک من وان!
وشەکانم، وتەکانم
زۆر خۆش دەوێن
هی بازاڕی فرۆشتن، نین
لە پەروەردەی بەرەی زیندووی
سبەی دەدوێن.