قەڵەم هەستە بنووسە
بۆ حەمەدەمین ئاغای حەمامیان
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکهیی (1875-1945)
2 دقیقه
886 مشاهده
قەڵەم هەستە بنووسە بۆ حزووری حەزرەتی قازی
لە پاش عەرزی سەلام و ئیحترامات و سەرئەفرازی
لەوێ ڕۆژێ کە تۆ ڕۆیی لە شاری و هیجرەتت فەرموو
ویشک بوو نەهری شێعر و بەحری فکر و نوکتەپەردازی
لە سەر بانی سەرم ڕاوەستە تاوێکی تەماشاکە
کە پیری و فەقر و بێ چاوی چلۆنم پێ دەکەن بازی
بە سەرماندا دەڕێژن گێژەڵووکەی نەگبەت و میحنەت
غوباری ئیفتیقار و تۆزی دەرد و گەردی بێوازی
غەم و دەرد و بەڵا چین چین و سەف سەف دەورەیان داوم
وەکوو ساڵدات و ساحیب مەنسەبانی شووڕەوی و نازی
لە بەرهەیوان و نێو حەوش و حەساری مەسجیدی جامیع
بە تەنیا دێ و دەچم وەک لەگلەگی مەشهووری دریازی
هەتا تۆ بووی لە شار، شام و نەهار، گۆشت و پڵاوم بوو
بە شۆرباوێکی بێتام ئێستە زۆر مەمنوونم و ڕازی
لەبەر بێهیممەتی ئەو میللەتە بێعاتیفە و ڕوحمە
خەیاڵم کرد کە هیجرەت کەم بڕۆم بۆ خاکی قەفقازی
لەناکاو قووەیی عاقیلە پەیدا بوو گوتی «شاعیر»
خەیاڵی وا مەکە گەر تالیبی ئیکرام و ئیعزازی
لە نەقدی سولبی ئێلخانی ئەمین ئاغای حەمامیانی
لە ماڵ و نیعمەتی دنیا بخوازە هەرچی دەیخوازی
دەڕێژێنێ و دەپڕژێنێ میسالی هەوری نیسانی
موسەلسەل قەترەیی نیعمەت لە کیفی کەففی فەییازی
دوعای حیفزی وجوود و عیززەت و ئیقباڵ و تەوفیقی
لەسەر تۆ واجب و فەڕزە بە کوردی و فارسی و تازی