شایی و شین

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 1 دقیقه  822 مشاهده
لایەک شایییە، لە لایەک شینە
لایەک هەڵپەڕکێ، لایەک گرینە
لایەک جل دەبەن بۆ بووکی ساوا
لە لایەک کفن دەبڕن بۆ زاوا
تەماشای دنیا و بێوەفایی ئەو
بە یەک چەسپان و لێک جیایی ئەو
با بەس من و تۆ بە تەمای ئەو بین
با بەس بێ خەبەر، ئاوبردەی خەو بین
با وەخەبەر بێین، فکری کارێ کەین
بیر و باوەڕمان بۆ لای یارێ بەین
ئەو یارەش دیارە تاق و تەنیایە
بەوەفا و کەرەم، زاتی خودایە
هەر خزمەت بەوە پاداشی زۆرە
بە وتەی من کە، دڵت مەگۆڕە
هەر ئەو دەژێنێ، هەر ئەو دەمرێنێ
ئاخری بۆخۆی تەنیا دەمێنێ
«ئیمامیتخلص» ئەوا ڕووی کردۆتە تۆ
پێنج فەڕزە سوجدەی هەر بردۆتە تۆ