گەسکەکۆڵە
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
711 مشاهده
هەرچەندە ڕزیو و گەسکەکۆڵەم
ئامادەیی دەست و مست و تۆڵەم
بۆو جووتە شەهیدە نۆجوانە
بۆو جووتە نەمامی نیشتمانە
شەرتە بە دڵ و بە ڕۆح بکۆشم
باش کۆکەمەوە حەواس و هۆشم
تا تۆڵە لە دوژمنوو نەسێنم
جەرگ و دڵی پیسی دەرنەهێنم،
نابێ بە ژیانی خۆم نەشەم بێ
یانە بە گوڵی بەهار گەشەم بێ
ئەو ژینە چ ژینە؟ دەستبەسراو
خەمبار و ئەسیر و ڕۆڵەکوژراو
ئەو خوێنە کەوا ڕژا لە بۆکان
ماوە لە خەیاڵ و بیری هەموان
دەسگایێکە خوێنی ئێمە دەمژێ
ناپیاوێکە خوێن دەڕێژێ، دەکوژێ
خۆی شاردەوە وەک جنۆکە لێمان
تا بگرێ دووبارە ڕێگە پێمان
ئەم جارە دڵی گەلە بریندار
دەگرن هەموو ڕێگە لەو بە یەکجار
هەروەک سەگی دز لە کون خزاوە
هەر بێتەدەر ئەو سەگە گڵاوە
دەکرێ شەقوپەق لە سەر خیابان
دەستێننەوە لێی جەزایی تاوان
بۆچی بەشی ئێمە لەم جیهانە
لەو پانە و بەرینە هەر دووانە؟
یا ڕشتنی خوێنمان لە مەیدان
یا بردنمان بە چاڵی زیندان
شیققی سێ ئەگەر لە ئێمە قاتە
بۆمە سێ خەباتە ڕێی نەجاتە