ڕۆیی

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 2 دقیقه  944 مشاهده
دەڵێن یارم لە بۆکانێ بە سەد ئاهـ و فوغان ڕۆیی
زەدەی پەیکانی حەسرەت بوو، وەکوو تیری کەوان ڕۆیی
برام سەردەستەیی پاکی ڕەفیقانی جەفاکێش بوو
نەمابوو هاودەمی، بۆیە لە دووی کاروانی وان ڕۆیی
لەگەڵ ئەهلی وەفا «سادق» بوو، سەددیق! بابی ناکامت
لەبەر ناڕێکوپێکی مەوقیع و کات و زەمان ڕۆیی
لەگەڵ خاوەن دڵان هاودەم، لەگەڵ ڕاس، سەروی بوستان بوو
لەبەر بێ بەرگوباری و ڕەنگ و بۆنی گوڵستان ڕۆیی
مەڵێن بێ وادە بوو ڕۆیی، شەهیدی عیشقی جانان بوو
بە دەنگی بولبولی باغی بەهەشتی جاویدان ڕۆیی
«قزڵجی» ماڵی ئاوا، کانی فەیز و عیلم و زانین بوو
لە جێی خۆی «سادقی» دانا، ئەویش زوو، ناگەهان ڕۆیی
بە دوایدا داغدارانی موحەببەت کاروان ڕێ خەن
بنێرن باری دوعا، سەروەری دانیشوەران ڕۆیی
هونەرمەند و ئەدیب و فازل و دانیشوەر و شاعیر
ڕەفیقی زۆر لە سەر شان سووکی هەر پیر و جەوان ڕۆیی
ئەگەر تەورێزە تەبڕێژ، بۆ تەبی وی کەم نەکرد تۆزێ؟!
ئەتیببا کوێر و دەرمان قات بوو، وا ئەو بێ وچان ڕۆیی؟
کە دی گەردنکەچە بولبول، لە حەسرەت ڕۆژگاری گوڵ
ئەویش دڵ پڕ لە کوڵ خێرا لە پێش کاتی خەزان ڕۆیی
«ئیمامیتخلص»ش با بە دوویدا هەر بکا زاری هەتا ماوە
بە زاری بانگی هاواڵان بکا: ئارامی گیان ڕۆیی