پاشای بەهار

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 1 دقیقه  855 مشاهده
ئەوا کاتی خەباتی بولبولانە
دەمی پشکووتنی خونچەی گوڵانە
نە تەنیا جۆگە و جۆبارە زەنوێر
گوڵ و لالە لە ئاسۆگ و تەلانە
نە تەنیا هەر مرۆ بەشدارە ئەمڕۆ
دەرودەشت مەستی بۆنی سونبولانە
هەموو جێ خوار و ژووری زەرد و سوورە
کەسێ بێت و سەرنج دا عاقڵانە
دەزانێ بەخششی پاشای بەهارە
بەڵێ وایە عەتایی عادڵانە
هەچی زیڕووحە شایی کەوتە نێو دڵ
زەمانی خۆشیی و چەپڵە و پلانە
لە سەر جۆگانە هەڵپەڕکێی کوڕوکاڵ
کە بەزمی بولبولانیش سەر چڵانە
هەموو دنیا سەراسەر وەک بەهەشتە
نەماوە ڕۆژی ماتەی ناو کولانە
کونەڕەش بۆ کەسێکە بێ گوڵ و دڵ
ئەوا کاتی گوڵان، جێژنی دڵانە
«ئیمامیتخلص» بانگ دەکا: ئەو جێژنە پیرۆز!
لە کورد و کیژوکاڵی ژیکەڵانە