بای وادە

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 2 دقیقه  1486 مشاهده
ئەی شنەی خۆشی بەهار، بای وادە! هەر تۆی شارەزا
بۆ کەژ و کۆسار و دەشت و لووتکەیی بەرزی چیا
چاوەڕێ بووم زوو نەهاتی، بۆ نەهاتیم بوو مەگەر؟
لارەمل بووم وەک وەنەوشە، ئاخری ئەستۆم شکا
چاوی خۆم هێندە بڕیبوو من لە ڕێگای هاتنت
هەروەکوو نێرگس لە باغ و گوڵشەنا چاوم ڕوا
گیانەکەم! چابوو کە هاتی، وەک هەناسەی من نەبووی
ساردوسڕ، بێ خێر و بێ قازانج و ئامانج و سەفا
وا شوکور ئەوڕۆ شنەت هات و گەشاوە مێرغوزار
داغدارە بەفر و لێی قەوما هەرەس، پشتی شکا
ئەی نەسیمی بەربەیانانت وشەی ژینی نوێ!
ئەی کزەی خۆشت حەکیمی حازیقی دەرد و بەڵا!
بۆ گوڵ و گوڵزار و باغ و چیمەن و دەشتی وڵات
تۆی دەبەخشی دیمەن و تۆی مایەیی نەشوونوما
داری گوڵ، سەرو و چنار و لالەزار و نارەوەن
ڕێک لە خۆشی تۆ ئەوا کەوتوونە هەڵپەڕکێ و سەما
لالە و نەسرین و گوڵ، سونبول، وەنەوشە و یاسەمەن
نێرگس و شەوبۆ هەموو پڕ غونچە و بەرگ و گەڵا
کوندەبوو خوێندی لە شاخ و بولبول و قومری لە باخ
هەریەکێ هاوار ئەکا: وا با خەڵات پەخشان ئەکا
کانیاو تۆقین لە بن بەرد و خڕیش پڕ بوون لە ئاو
مێرگ و دەشت و دەر ژیاوە، بۆتە یەک حەشروحەلا
ڕێک وەدەرکەوتن کوڕوکاڵ، کیژ و لاو، پیر و جوان
دەس لە ناو دەستان، بە هەڵپەڕکێ ڕەفیق و ئاشنا
کەس نەما ئەمڕۆ لە شار و دێ، هەموو چوونە دەرێ
هەر «ئیمامیتخلص» ما لە ماڵێ بێ سەڵا وو بێ سەدا