وەختێ بۆ ئینسان ئیش ئەچێتە سەر
از کتاب:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
اثر:
مفتی پنجوینی (1881-1952)
1 دقیقه
659 مشاهده
وەختێ بۆ ئینسان ئیش ئەچێتە سەر
ئەندام تەواو بێ لە پێ هەتا سەر
یانی پێ ئەبێ وەک شاتر وا بێ
لەهەر ساتێکا گورج و ئازا بێ
کە پێ ڕێی بڕی و گەیاندیتیە شار
نۆرەی دەست ئەبێ ئەکەوێتە کار
بە گورجوگۆڵی هیچ دانامێنێ
خەریکی ئیش بێ کە ڕایپەڕێنێ
لەپاش ئیشەکەی کە تەواوی کا
چاوی پێ ئەوێ نیگاداری کا
بە شەو و بە ڕۆژ دایم وریا بێ
نەک لەناکاوێ بەدکار پەیدا بێ
گەر هات ڕەقیبێ لە ڕۆژ و شەوا
فرسەت نەبینێ لە کاتی خەوا
با گوێ ببیستێ قسەی بێگانە
مەعلوومە جوابی بە دەست زمانە
لە هەر کاتێکا یان هەر ساتێکا
ڕەقیب ئەوی دی پرسیارێ بکا
زمان دەخیلە بە لوتفی خۆشی
ئەتوانی فێڵی بە موو بکێشی
فەسیح و ڕەوان بە جوابی شیرین
بڵێ خەریکی یەک کاری خێرین
هەموو خەریکین باخێک ئەکێڵین
ساوامان زۆرە بۆیان جێ دێڵین
بەڵکوو وەک خۆمان دواکەوتە نەبن
دایم وریا بن پاشکەوتە نەبن
ئەندام تەواو بوو بڵێ ئافەرین
ئەتوانین زەفەر بە دوژمن بەرین