بۆ تۆ شین و گرین و ناڵەوناڵ و وەی دەکەم

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 3 دقیقه  704 مشاهده
بۆ تۆ شین و گرین و ناڵەوناڵ و وەی دەکەم
کاری مەجنوونی گرینە من لە شادی چی دەکەم
جارێ ناپرسی لەمن تۆ چی لە من کرد بەختەکەم
خۆ ئەگەر بێ حاڵ و بێ حاڵیم نەپرسی لەیلەکەم
شێت و شەیدامە لە تاوان دەشت و سەحرا پەی دەکەم
جارێ دەگریم و دەناڵم جارێ خەندە و پێکەنین
جارێ بێ هۆش و خەیاڵی دێ لەبۆ باغی دەچین
فکری مەم وا دێتە پێشی بۆ تەماشای خاتوو زین
گا لەسەر کێوان دەسووڕێم گا لە فیکری گوڵ چنین
گاهێ دەروێشم لە تاوان چار و بێ چار حەی دەکەم
لەتاوی دەردی یارە عاجز و زوێری منم
کوشتەی تیغی مژان و ئابرۆیی شمشێری منم
بێکەس و تەنها لە زیندان حەپسی زنجیری منم
گاهێ دەبمە باغەوان و یاری هاوبیری منم
گاهێ سوڵتان و غەنیمە گاهێ ئیسکافی دەکەم
گەر هاتە یاد و خەیاڵم بێتە پێش چاو شۆخەکەم
بێ بەشە بۆ کەیف و شادی ڕوو لە شینە بەختەکەم
من لە ئاگری عیشقی یارە دیارە تاج و تەختەکەم
گاهـ لە باغی دادەنیشین مەی دەنۆشین دەم بەدەم
گاهێ تەنهامە لەبەڕیە ڕوو لە دەشتی ڕەی دەکەم
پێم مەڵێن بۆچی دەناڵی چاری من بێ چارییە
خەنجەری موژگانی لەیلا وا لە جەرگم کارییە
بۆیێ ئەشکی چاوەکانم ڕەنگی وەک مروارییە
وا لە تاوانی لە کێوان کار و پیشەم زارییە
دەم خەریکم هەر بە قاقا مەیلی تاجی کەی دەکەم
لای عاشقان وا دەبینین لافی مەعشوق لێ دەدەی
وەعدەداری عاشقی تۆ بۆچی وەعدەی پێ دەدەی
ڕۆژی خۆی شەرتت بەمن دا باغی سینەم پێ دەدەی
بۆچی ئێستا وا بەناحەق حوکمی حەپسیم پێ دەدەی
دیل و یەخسیرم لە بۆیێ مەیلی دڵزاری دەکەم
پێم دەڵێ ئەو شۆخە کوردەی شیرینەی ڕووماهی ڕۆم
تۆ مەناڵێنە و مەگریێ مژدە بێ من شۆخی تۆم
جارێ ناتانم بەنووسین بۆ تۆ دەنگ و باسی خۆم
پێم دەڵێ خۆ تۆ دەبینم هەرکە دێوانەی لەبۆم
وا مەزانە پەردەیە بۆ دیتنی تۆ پێچکەم
دەبتە خۆشی ئەو گرین و ناڵە ناڵ و زارییە
وەختی مردن بۆ ڕەقیبی سەگ سیفەت وا هاتییە
قافڵەیی بەختت دەبزوێ بەسیە ئەو غەمبارییە
ڕۆژێ دێتن وا لە پێشە هەر کە ڕۆژی شادییە
وەک زولیخاشخص بۆ عەزیزی مەنعی دوو خونچەی دەکەم
کەوتمە داوی دەردی عیشقی خۆم و بەخت و ناچەوان
ئاگری دڵ وا دەسووتێ نەک ئەمانێ سەد ئەمان
من لەبەینی مردن و ژیندا یا دەمینێم یا نەمان
وا لەبەحری سووری خونین سامی گرتووە کەشتیەوان
فرتەنەی بەحری لەپێشە و بۆنی غەرقی مەی دەکەم