وا سەدای بولبول لە باغان کاری ناڵە و شیوەنە

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  307 مشاهده
وا سەدای بولبول لە باغان کاری ناڵە و شیوەنە
دڵ بەبێ غەم وا لە سینەی پاسەوانی گەردەنە
بەرگی دیبایە بە گوڵ ڕەنگ کەسک و سووری پۆشییە
لایەقی ڕاوی غەزالان یاری کەیف قۆشەنە
قسمەتی من بوو لە ئەوەڵ بچمە بێستونی دووهەم
دڵ بە ئازار و گرینی ڕۆژی ئەوەڵ دادەنە
بەرگی عاشقانە گرین و زاری شەرتێکە بە بوون
جەمعی پەروانە بە سووتان وا لە دەوری لالەنە
وا هەزارانی وەکوو من شێت و شەیدایی بتن
بێ سەبر ئێستا لە بێستون خاک بە سەر دێوانەنە
هیچ دەمێ سەبری نییە عاشق خۆ زەلیل و بێ مەکان
موتەهەم بووین بە مەجنوونی بێ دەر و بێ خانەنە
چەند کەسان کوژران بە موژگان ڕۆیی بێ ناونیشان
زۆر کەسان ماون لە زیندان چاوەڕێی سێدارەنە
لۆمەیی وەحش و نەزانان چونکی حەیوانن بڵێن
چی بکا عاشق حەقیتی قوڕ بەسەر بێ چارەنە
مەڵێن عاشقن ئەوانەی پیس و دڵپیس و دەنین
دۆستی دونیانە بەبێ سام خۆ ئەوان بێگانەنە