موددەتێکە من بە مەخفی شیوەن وگریان ئەکەم
از کتاب:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
اثر:
مفتی پنجوینی (1881-1952)
2 دقیقه
967 مشاهده
موددەتێکە من بە مەخفی شیوەن و گریان ئەکەم
هەر خەیاڵی خاک و قەومی میللەتی کوردان ئەکەم
ڕوو بە سەحرا سەرئەنێم و قوڕ ئەپێوم پڕبەدڵ
بێ خەبەر وا تێ ئەگەن من بێ خەمم سەیران ئەکەم
ئاوی چەشمەی چاوەکانم وا بە هەوری خەم تەقی
شۆخی و یاری بە زۆری بە ئاوەکەی سیروان ئەکەم
هێندە غەرقی شینم و خەرقەم بە شینی کردە بەر
قیمەتی پیرۆزە بێ شک زووبەزوو هەرزان ئەکەم
بۆ کەسێکی عاشقی خاکی وەتەن گەر بێتە لام
گەر کەبابی مەڕ نەبێ جەرگ و دڵم بریان ئەکەم
من ئەگەر لافی ئەدیبی وا لە سەرما بۆ تەماع
کەی برای خاک و وەتەن مەیلی -متن نامشخص تیرباران ئەکەم
دەوڵەمەندی خێڵی کوردی خێر و قوربانی ئەکەن
من کە بێ پارەم سەرم بۆ قەومەکەم قوربان ئەکەم
بێت و گەر دەرچم لە خاکا، ڕوو بە گەرما بۆ ئەچم
ڕوو لە شاخ و بەردی شۆخی خاکی هەورامان ئەکەم
ئەم دڵی خەمناکە چونکە هەر هەوای بەرزی ئەوێ
جاربەجارێ یادی سەوزی گەردنی گاڕان ئەکەم
داخی داخانم کەلیخانم لە دەست دەرچوو نەما
ئێستە وەک جافی لەمەوبەر ئارەزووی کوێستان ئەکەم
کۆمەڵی تیپی وەنەوشە و قارچک و ڕێواسەکەی
بۆ دەروونی لەتلەتم دەرمانی وەک لوقمان ئەکەم
من کە دارمازووم ببێ تا هەژدە بەر بگرێ بە ڕیز
تازە بۆ فکری گوڵاڵە و داری هیندستان ئەکەم
دەردەکانم بێ سەر و سامانە چاری ناکرێ
بەم قسە و باسانە ئەم دەردانە من دەرمان ئەکەم
موفتیتخلص بۆ ئەم خێڵە یا ئەم خاکە تا ماوی بڵێ
قوڕ بە هەر دوو دەست لە تەوقی سەر هەتا دامان ئەکەم