لەمەو لا خانەقا ناچم بە مەولا تۆبە ئەشکێنم
از کتاب:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
اثر:
مفتی پنجوینی (1881-1952)
1 دقیقه
878 مشاهده
لەمەو لا خانەقا ناچم بە مەولا تۆبە ئەشکێنم
هەقی ئەم کوردە بێچارە لە چاودابەستی ئەستێنم
کەوای پەستی و نەزانینم دڕی و یەکدەفعە دامماڵی
بە لافاوی خەیاڵاتم نەمامی عیلم ئەڕوێنم
لە پیری کۆن و پاشکەوتووی وەکوو خۆم لازمە لا دەم
کوڕانی پێگەیشتووی مەکتەبم ئەمجارە ئەدوێنم
هەموو فێڵ و قوماربازیت ئەبێ یەکسەر بەیانی کەم
ئەگەر سەد دەفعە ماچی کەی قوڕی ژێر کەوش و داوێنم
ئەگەر تۆ ئەهلی دینی خوێنی عالەم بۆ ئەکەی نۆشت
وەرە سەیری دڵی من کە کە چەندە پاک و خاوێنم
لەسەر ئەم پارچە شیعرانە ئەگەر گیراوی مەحبەس بم
دەمێکە حازری دار و شەلاخ و ئەزیەت و جوێنم
وەکوو ماسی بە سەربەستی غەواسی گێژی بن ئاوم
لە بنکی بەحری فیکرا گەوهەری عەنتیکە دەردێنم
بە دەستێ چەپڵە لێدەم داخەکەم دەنگ و تەقەی نایە
گەلێ کەس وا ئەزانن خەو ئەبینم یان ئەڕاوێنم
فلیمی سینەما چەرخە ئەگۆڕێ ڕۆژێ سێسەد جار
دە چی بکەم کەس بە گوێم ناکا کە ئاغا نیم و مسکێنم