ئەی گوڵی زادە بۆ ڕووت و شێواوە
از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
2 دقیقه
645 مشاهده
ئەی گوڵی زادە بۆ ڕووت شێواوە
بۆ بە ڕۆژ و شەو چاوت پڕ ئاوە
چاوی نێرگزیت بۆچی هەڵنایێ
بۆ باڵای شلت کوڕ و چەماوە
***
بۆ ڕەنگی سوورت زەردە وەک لیمۆ
بۆ پەنجەی ناسک دەدەی لە ئەژنۆ
بۆ زوڵفی خاوت وا تێکئاڵاوە
وا بە غەمیگینی دەکا هاتوچۆ
***
مەگری گوڵیزار ئەسبابی گریان
بۆمن باس بکە بیخەمە دیوان
تا لە پاشی مە نەبتە نەخۆشی
نەبتە جیازی کیژی کوردستان
***
دامیان بە یەکێ حەوت ژنی هەیە
دائیم خەیاڵی سەرخۆشی هەیە
لەسەر حەوت ژنان من دەبم بە هەشت
بە زۆری کەیفی هەتیوی هەیە
***
خوا باوکم بگرێ دامی بە دینار
دامی بە یەکێک سەرخۆش و زۆردار
بە غیری گریان هیچ چارم نییە
بڕۆ یەخەم بەردە بابکەم هاوار
***
کێ ئەو ژیانەی داناوە بە ژین
ئەو کارەساتەی بۆ دەکەن بە دین
ماڵتان وێران کا ساحیبی بێ دین
لەلاتان وایە ئێمە وەک کەرین
***
لەناو ئایینی گا پەرەست نییە
ئەو کارەساتە مامۆستا چییە
زیندە چاڵمان کەن وەک بت پەرەستان
بۆ دەمانکوژن بەو سەگ مەرگییە
***
دامیان بە یەکی کەری مل ئەستور
دێتە پێش چاوم لە نزیک و دوور
وەک جانەوەرە ساحیب دینارە
وەکو, گامێشی چاو سووری غر,ور
***
بەسیە گوڵیزار با بچینەوە
لەو کارەساتەی بپێچینەوە
چەندی دەنۆڕم لە گشتی ئەدیان
لەناو دین نییە ژن گۆڕینەوە
***
دەچن دەپرسین لەو قال و قیلە
چونکە بیستوومە مەلا وەکیلە
ئەگەر من نەڵێم گوناهکار دەبم
ئەو کارەساتە کاری بەخیلە
***
خۆ ئەگەر وابوو ئەو جا پێکەوە
دەچین بۆ ئاسمان با بڕێتەوە
خۆ خەلاس دەکەین لە چنگ دینبەران
سامی کچ و کوڕ با بسێتەوە