شوێنی مەردان
از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
2 دقیقه
817 مشاهده
گوێ لە پەندم گرە کاکی ئاشێڕ
چت لە نۆبە و مزە ئاش و کەر و تێڕ
وەکوو بیستوومە دەڵێن ئەو نامە
شێعری هێمن نییە زۆر بێ تامە
نانی ئاردێکی گەلێ بێ پێزە
خاوە؛ بێ پیتە؛ کزە؛ بێ هێزە
چون دەڵێ داری خەزایی ماوە
جا نەمابێ چیە چی قەوماوە؟
داری ئازادییە ڕیشەی لە دڵا
داری دی جێی لە تەنوور و لە کڵا
کۆلکە دارێکی ڕزیو با لاچێ
داخی ئەو دارە لە دڵ دەر ناچێ
خۆ شەهیدی وەتەنیش دوو و سێ نین
لاپەڕەی دەفتەری مێژوو خوێنین
یەک و دوو نین و بنەی نایە شەهید
نیشتمان حوججەتە مێژوو شاهید
تا بزانی چییە شوێنی مەردان
خوێنی کوردانە پەڵەی سەر بەردان
بە گرین تازیە لە بۆیان مەگرن
نەسسی قورئانە شەهیدان نەمرن
ئەوەیە پەندی من و نامەی من
بۆ برا شاعیرەکەم کاک هێمن
سەری سەرکەوتووەکان بێ تووکە
بۆچی پێت وایە قسێکی سووکە
کەچەڵیش هەر وەکوو بارانی پەڵە
مەسەلەی زۆرە هەیاسیش کەچەڵە
ئاوەژووی هێمنی یە تەوس و پلار
تووڕەیی عەیبە برای خۆتە هەژار
ئەو دەڵێ هێمن و من هاودەردین
چونکە لێدان و هەڵاتن مەردین
عیللەتی چوونەوەشی بۆ کوێستان
مەسەلەی فیل و هەوای هیندوستان
لەو هەرامانە نیە چۆتە کەرەج
لە ستوونێ بە ستوونێکە فەرەج
کاکی من بێنەوە بیرت کەم و بێش
لە گوڵستان سەفەری دوو دەروێش
نیشتنی بازی بەخت هەڵکەوتە
ڕێی وەها بۆ من و هێمن چەوتە
کەڕەتێکی بە نەسیمم گوتبوو
پێت بڵێ تازە لە جێی خۆت مەبزوو
گەلەکەی ناسکە دنیا خەتەرە
پێ لە تاتی مەکەوە باسی سەرە
چونکە دنیاکە هەر ئەو دنیا بوو
وەکوو دیبووت لەوە پێش هەر وابوو
ئەوە بەینێکە چەرخ سووڕاوە
من کە لەو سووڕە سەرم سووڕماوە
ئەو کەسەی چەرخی فەلەک بوو تەختی
ڕوو بە زوڵماتە ستێرەی بەختی
ئەو کەسەی تۆ لە دەسی دەربەدەری
وا نەوی کەوتە زەوی تەوقی سەری
تۆ گوتت نیوەیی ڕێی بەغدا بێ
بە پشووی ماوە لە «ڕۆژئاوا» بێ
لە پشووی ئاخری ئەو جارە وەرەوە
دوژمنی ناڕەحەتت بۆ دەرەوە
وەرە با ئەو کەڕەتەش بتبینم
شاعیری شۆخی ڕەزا شیرینم
وەرە بڕوانە دڵی خوێناوم
پێ بنێ بانی گلێنەی چاوم
لە حەقیقیتخلص بکە یادێک جار جار
چاوەڕێتم بە ئومێدی دیدار