بۆ دۆستانی دوور وڵات
از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
2 دقیقه
796 مشاهده
شەماڵ ئەی قاسیدی چالاکی هەوراز و خڕ و لێژم
بڕۆ شاری غەریبان و بەرە پەیغامێ پێت ئێژم
بڵێ ئەوڕۆ لە باغان شینی بولبول بۆ گوڵی سوورە
لە دووری ئێوە ئەمنیش خوێن دەخۆم فرمێسکە دەیڕێژم
عەزیزان گشتو وەک بینایی چاوم بوون لە دەستم چوون
دەسم ناگا بە داوێنوو پلاری کوێری داوێژم
وەکوو نەی کون کونە جەرگم لەبەر ئێشی جوداییتان
لەبەر تاسە و سەرم تاسا لە گێژاوی خەما گێژم
بە یەک یەکیان بڵێ گیانە قەسەم بەو عەهد و پەیمانە
کە بەستوومانە تا ئەودەم چ دەم نێژن چ دەونێژم
لە دروێنەی خەمان شەرتم پەڕیوە سوورە خەرمانم
کەو و بێژنگی تەبعم بوونە هێڵەگ چۆنی دابێژم؟
دەوای زامی دڵم بوون کات و ساتی سەردەمی پیری
ئەوا کردی تەشەن دیسان برینی کۆنە ساڕێژم
کراسێکە بە باڵای من بڕاوە تاڵ و سوێری ژین
کە هەر ئەسرینە دەیڕێژم کە هەر زووخاوە دەیچێژم
خەزان هات و نەما گوڵ، ماینەوە تەنیا من و بولبول
نە ئەو یار و نە من هەمدەم خەمی دڵ چۆن دەراوێژم
نزیکی جێژنی قوربانە ڕمێنی خێر و ئیحسانە
دوعای دەوری حەرەم فریاو کەوێ پاڕانەوە و نوێژم