مەهاباد
از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
2 دقیقه
962 مشاهده
ئەو نوختەی پەرگاری کێوە
تەنیایە و دنیایەک نێوە
تۆماری سووڕی گەردوونە
گەردوونەی چەرخی ئەزموونە
مەڵبەندی شیفای ئالامە
دەرمانی ساڕێژی زامە
ڕۆڵەی شێری وەرکەوتووە
بەوری دەوری سەرکەوتووە
مەهابادی هیوا بەرزە
سەربەرزی پارێزەر مەرزە
کانوونی شێعر و هەڵبەستە
نەختێ ئەهلی دڵ بی، بەستە
وەفایی دڵداری عیشقە
شێعری شیرین شاری عیشقە
باغی سیسەی گوڵی گەشە
دڵی بەخەم دەکا نەشە
دەم چۆم و باغ و گوڵزاری
بەهشتێ دێنن بە دیاری
بێ بایەخە بەیبوون لەوێ
نەسرین و گوڵ بێبۆن لەوێ
کەژ و کێو و ماهـ و زەردی
دار و چێو و هەرد و بەردی
خەم تارێن و خۆشی هێنە
جێ ڕاوی باز و شاهێنە
کانگەی میرانی سەر بەرزە
دەنگی بەرزە لەو سەر ئەرزە
گوڵ دایم بازاڕی گەرمە
بولبول، بێ دەنگی پێ شەرمە
لەو باغانەی ڕەنگاوڕەنگن
ماملێشخص و شاروخشخص بۆ بێ دەنگن؟
گەر پردی سووری خاپوورە
سەددی چەشنی دەریای نوورە
لاوی شێری پێ مامزە
کیژی بە مامزی دێ بزە
ئەو جەرگی هێندی میر قازە
ئەم سەروی ناز و چاوبازە
بترازێنێ دوگمەی یەخە
عوود و عەنبەر بێ بایەخە
لە داوێنی «مەحموودکانی»
لە نێو باغ و چۆم و کانی
مردووی لێ زیندوو دەبنەوە
دەرد و خەم لەبیر دەچنەوە
«مزگەوتی سووری» جومعانە
قوببەی نووری تا کەیوانە
لە مەر قەبرستانی کۆنە
کاکی ڕێبوار بیرت چۆنە؟
بداق سوڵتان، مەلاجامی
شێخ تەها و ئەوانی نامی
هاتف پێی گوت نیشتمانی
کوردستان بە تۆیە مانی
شێری لانی خاوەن هەستی
سووڕی گەردوون پێت ناوەستی
وەک ئاسمانی حەو نهۆمی
بەگرمەی هەوری ناچۆمی
هەورازت هێلانەی بازە
بن بەردت جێ ژوانی ڕازە
گەرچی تاڵی و سۆێریت دیوە
چاوت ڕوونە و کوێریت دیوە
بەڵام ئێستا ڕۆڵەت زۆرە
خزمەتت دەکن بە نۆرە
دەڵێن ئێمە تیرەی مادین
برسی نین تینووی ئازادین!