نە دیداری حاجی، نە خەوی مزگەوت

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 10 دقیقه  566 مشاهده

دیسان ئەو ڕۆژەش بردبوویانە بێگار، هەدایان پێ نەدابوو. هەر لە تاوکەوتنەوە تا ئێوارە، بە درێژاییی ڕۆژگاری بەهار ڕەتاندبوویان. کابرای گزیر سەری زمان و بنی زمانی جنێو بوو. دەمی دەتگوت چەقەنەی ئاشە پەیتا پەیتا دەینەڕاند و دەیگوڕاند.

بایز کوڕێکی وریا و لەسەرخۆ بوو. زۆر باشیش بەخۆیدا دەپەرموو، بەڵام نەیدەویست دەم بنێتە دەمی کابرایەک کە لە ترسی کار و زەحمەتکێشان بووەتە باشماوخۆری ئاغا و ئاوا بەڕووشەڵی بەسەر هاوماڵەکانیدا دەگوڕێنێ.

ئەو ڕۆژەش تا ئێوارە قوڕەکاریی بۆ ماڵی ئاغا کرد. ئێوارە نزیک تاو پەڕین بەدەست و قاچی قوڕاوییەوە هاتە ماڵەوە، چارۆکەکەی کە قۆرییە تەنەکەکە و ئیستیکان و ژێرپیاڵەکە و نەختێ شەکر و چای تێدا بوو، دا دەست ژنەکەی.

چووە سەر کانی دەست و قاچی شۆرد و هاتەوە.

خەزاڵی ژنی هێلکە و شۆرباوی لێ نابوو، بۆی تێ کرد: بایز دوو سێ نانی تێ گوشی. تا خەزاڵ خەریک بوو قۆرییەکە بنێتە سەر ئاگر، بایز لە برساندا خۆشی نەیزانی چۆنی تێگوشینەکە هەڵلووشی.

خەزاڵ: نەختێ چێشت ماوە، بۆت تێ کەم؟

بایز: نا، نامەوێ، بۆم تێ مەکە! کیسە تووتنەکەی دەرهێنا. سیغارێکی پێچاوە و دای گیرساند. جاروبار مژێکی لێ دەدا و چاوی بڕیبووە قۆریە ڕەش و دووکەڵاوییەکەی سەر ئاگرەکە.

خەزاڵ زۆری پەرۆش بوو، سەرنجی بایزی دەدا. ئەو ئێوارەیە کز و مات بوو. خەزاڵ جارێک لە دڵی خۆیدا دەیگوت ڕەنگە کابرای گزیر بەگژیدا چووبێ. جارێکیش دەیگوت بەم ڕۆژگارە درێژە قوڕەکاریی کردووە، شەکەت و ماندووە. نیازی بوو لێی بپرسێ، بەڵام پەشیمان بووەوە، گوتی هەرچییەک هەیە با هەر نەیخەمەوە بیری.

چایەکە پێ گەیشت. خەزاڵ پیاڵەیەکی بۆ تێ کرد و بە زەردخەنەیەکەوە بۆی دانا گوتی: چایەکی جوانە، باشی دەم کێشاوە، بیخۆوە با بۆت تێ کەمەوە، بەشکم ماندووت بحەسێتەوە.

بایز لەبەر وتوویرەی خۆی نەیپرژا سەر دڵسۆزیی خەزاڵ. پیاڵەکەی هەڵگرت و دەستی کرد بەخواردنەوەی چایەکە. تامی چایەکە سەرنجی بۆ لای قسەکەی خەزاڵ ڕاکێشا، گوتی دەستت خۆش بێ، ڕاست دەکەی، بۆم تێ کەوە با بحەسێمەوە!

خەزاڵ بۆی تێ کردەوە. بایز دەتگوت بەربانگی ڕەمەزان دەکاتەوە، سیغارێکی تریشی پێچاوە، دای گیرساند، وەکو لە بیرکردنەوەکەیدا گەیشتبێتە بڕیاری ئاخری، مژێکی قایمی لە سیغارەکەی دا، بە بزەیەکی ساردەوە گوتی: خەزاڵ! ئەم دێیە بەکاری ئێمە نایەت. بە بێگار دەمانپڕووکێنن، نایەڵن کار و کاسبییەک بۆ خۆمان بکەین. وا چاکە سەری خۆمان هەڵگرین و بڕۆین.

خەزاڵ: جا باشە، نیازی کوێت هەیە؟ بچینە هەر کوێیەک هەر وایە. ئاغا و کوێخا و گزیر، قڕیان تێ کەوێ، لە هەموو دێیەک هەن.

بایز: ئەوە دەڵێی چی؟ من لە داخی ئەمانە سەری خۆم هەڵدەگرم. چ ناکەم دەچمە جێگەیەک هەر ڕۆژە ناڕۆژێ گزیر بێت و دەنگم دا بۆ بێگار؟

خەزاڵ: ئەی کەوایە دەچییە کوێ؟

بایز: دەچینە سابڵاخ.

خەزاڵ: کوڕە، بایز! ئەمە چ خەیاڵێکە کەوتووەتە سەرت؟ ئێمە لە سابڵاخ چۆن بەڕێ دەچین؟!

بایز: بۆچی بەڕێ ناچین؟ ئەم قوڕەکارییەی لێرە بە بێگار دەیکەین، لەوێ بیکەین گەلێ باشتر بەڕێ دەچین. ئێستا جارێ نە منداڵمان هەیە و نە هیچ.

تاقە دوو سەرخێزانین. ئەگەر کار بۆ خۆمان بکەین، بەڕێچوونی دوو سەرخێزان هەر پەیدا دەبێ. ئەوەتا لێرە ئەمە حاڵمانە، سەرەڕای بێگارەکە دایک و باوکیشمان لە چاڵ دەردێنن.

خەزاڵ: باشە، چۆنت پێ خۆشە، وا بکە.

نەختێ شڕەوپڕە و قاپ و قاچاخیان بوو، کۆیان کردەوە و ڕۆیشتن. چوونە سابڵاخ، لە گەڕەکی (بەرداشە کۆن) هۆدەیەکیان بەکرێ گرت و دانیشتن. بایز هەموو ڕۆژێ دەچووە کرێکاری. ژیانیان لە چاو ئەو وەختە کە لە (کێچ ئاوا) بوون گەلێ باشتر بوو. وردە وردە نەختێ پووڵیان پاشەکەوت کرد. بایز لە دێهاتی (شاروێران) شارەزا بوو. ئەم ماوەیەش لە سابڵاخ نەختێ چاوی کرابووەو ە، دەستی کرد بە هاتوچووی لادێ، هێلکە و مریشک و ڕۆن و پەنیر و میوە و سەوزی و شتی وای دەکڕی، دەیهێنا سابڵاخ دەیفرۆشتەوە. تا ئاخرەکەی دووکانێکی بەکرێ گرت و بووە دووکاندار. ئەمجار خانوویەکی سەربەخۆشی گرت.

کوڕێکی سەرڕاست بوو، فڕوفێڵی لە کڕیارەکان نەدەکرد. زۆری پێ نەچوو ئاشنا و ڕۆشنایەکی زۆری پەیدا کرد. خەڵکی کێچ ئاوا و ئەو دەوروبەرە سەودا و مامەڵەیان لای بایز بوو. خزم و دۆست و برادەرەکانی کە دەهاتنە شار لای ئەو میوان دەبوون. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دوو منداڵیشیان بووبوو. ئیتر خانووەکە بچووک بوو جێگەیان نەدەبووەوە. لەگەڵ خەزاڵ تەگبیریان کرد خانوویەک بکڕن.

بایز کەوتە پرسیار و دەڵاڵی ڕاسپارد، خانوویەکی لە گەڕەکی (قولەقەبران) دۆزییەوە و کڕی. ئەمجار بەجارێک حەساوە.

تێکەڵیی ئاشناکان و دراوسێکانی کاری کردە بایز و لەگەڵیان چووە ماڵی شێخ بوو بەسۆفی. لە بایز کێچ ئاوایییەوە بووە سۆفی بایز. هەموو شەوێ پێش مەلا بانگدان دەچووە مزگەوت، جەماعەت و خەتمی دەکرد.

لە ڕۆژی هەوەڵەوە کە ماڵی چووە ئەو گەڕەکە، گەلێ بەیانی کە دەچووە مزگەوت، حاجی ڕەحیم لە پێش ئەودا لەوێ بوو. لە دڵی خۆیدا دەیگوت ئەم حاجییە چەندە پیاوێکی بەدینە. وا دیارە شەو کە دەخەوێ هەر بەخەیاڵی جەماعەت و خەتمەوەیە. وردە وردە لەگەڵ حاجی ڕەحیم بوو بەئاشنا. تا بانگ دەدرا و مەلا دەهات حاجی نەقڵ و حیکایەتی بۆ سۆفی بایز دەگێڕاوە.

قسەکانی حاجی زیاتر لەبارەی سەفەری حەج بوو. سۆفی بایز خەیاڵی حەج کەوتبووە سەری. جار لەگەڵ جار قسەکانی حاجیی پتر پێ خۆش بوو.

شەوێکیان حاجی گوتی: سۆفی بایز! وەکو بیستوومە میوان و هاتوچووکەوت زۆرە. منداڵیشت هەیە.

بایز: لە سایەی خوا و هیمەتی شێخەوە دوو خوڵامی تۆم هەن.

حاجی: ئەی ئافرەت، کێت لە ماڵدا هەیە میوانت بۆ بەڕێ بکات و منداڵیشت بۆ بەخێو بکا؟

بایز: وەڵڵا هەر دایکی منداڵان.

حاجی: سۆفی بایز، تۆ پیاوێکی لە خواترسی، چۆن ئەم زوڵمە لەو ئافرەتە دەکەی؟

بایز: حاجی گیان! چ بکەم خۆم دایک و خوشکم نییە. ژنەکەشم کەسی نییە. دەنا دەزانم ئەو ئافرەتە زۆر ماندوو دەبێ، بەڵام چار چییە؟

حاجی: چۆن چار چییە؟ شەرعی خوا و پێغەمبەر ڕێگەی داوە ژنێکی تر بێنە. هەم سونەتە و هەم ماڵەکەشت بەڕێوە دەبەن. هەزار نەخۆشی و سەرئێشە هەیە. یەکیان نەخۆش دەبێ، ئەوی تریان ئاگای لە منداڵەکانت دەبێ و میوانیشت بۆ بەڕێ دەکا، یەکیان دووگیان دەبێ، ئەوەی تریان کار دەکا. خۆ شوکر حاڵیشت باشە، لەسەر بەڕێ چوون پەکت ناکەوێ.

بایز: فەرمایشتەکەت جوانە، بەڵام خێزانەکەم ئافرەتێکی زۆر باشە، زۆری کوێرەوەری لەگەڵ من دیوە، دڵم نایە دڵی بشکێنم.

حاجی: بێ قەزا بی، ئەو هەموو پیاوەی دوو ژن و سێ ژنیان هەیە. خۆ هەموویان ژنە هەوەڵەکەیان خراپ نەبووە، کەچی ژنی تریشیان هێناوە.

بایز ئەم خەیاڵە لە مێشکیدا جێگیر بوو، بیری کردەوە ئافرەتێکی وا بدۆزێتەوە لەگەڵ ژنەکەشی بسازێ و بەکاری ماڵەکەشی بێ. دوای چەند ڕۆژ بیرکردنەوە ئاخرەکەی بڕیاری دا، لە حاجی ڕەحیمی پرسی: ئەو شەوە تەگبیرێکی باشت بۆ من کرد، تۆ خۆ خۆت خەڵکی گەڕەکی، داخۆ ئافرەتێکی باش ناناسی؟

حاجی: چۆن ناناسم؟ زێبای کچی حاجی کەریمی خۆمان. تەواوی ئەم شارە بپشکنی ئافرەتی وا نادۆزییەوە. حاجی کەریم بنەماڵە و پیاوماقووڵی گەڕەکە. پیاوێکی سەربەدەرەوەیە، لە هەموو سابڵاخدا ناسراوە. پیاوێکی دەوڵەمەندە و چاوی لە ماڵی تۆ نییە، خزم و تایەفەدارە. تۆش پیاوێکی تەنیا باڵی، زۆر پێویستە پیاوێکی وا لە پشتت بێ. دنیا هەزار تەنگانەی هەیە.

کچەکەشی قەیرە کچە، منداڵ و قرتی نییە، زۆر باش بەکاری ماڵ دێ.

بایز حاجی ڕەحیم و دوو سێ پیاوماقووڵی تری گەڕەکی ناردە ماڵی حاجی کەریم و زێبای خواست، مارەی کرد و زەماوەندی بۆ گێڕا و گواستیەوە.

زێبا چ زێبا! وا دیاربوو لەبەر ناحەزی مابووەوە و کەس نەیویستبوو. بۆ کاروباریش وەکو گای تەمبەڵ، ئاگرت لەسەر پشتی بکردایەوە نەدەجووڵا.

خەزاڵ لەلایەک لەبەر دڵی بایز، لەلایەکیش لەبەر ئەوە زێبا تازەبووکە، سەرەڕای کوێرەوەریی خۆی، خزمەتی ئەویشی دەکرد.

زێبا لە جیاتیی ئەوەی بکەوێتە کار و هەڵسووڕان، تا دەهات زیاتر بەفیز و دەعیە دەبوو، وەکو کارەکەر دەیڕوانییە خەزاڵ، ئەگەر بایز کارێکی پێ دەسپارد، سێ و دووی نەدەکرد و دەیگوت: خۆ من کارەکەر نیم. بە ژنە کرمانجەکەت بڵێ. وردە وردە چەنە بەچەنەی بایزیش دەوێستا: بڕۆ کرمانج، لادێییی گەوج. تۆ عەقڵت لە کوێ بوو! بایز لە ترسی حاجی کەریم و خزم و تایەفەکەی نەیدەوێرا هیچ بە زێبا بڵێ، بەڵام خەزاڵ جاڕز و هەراسان بوو.

ئیتر گەلێ جار چێشتی لێ نەدەنا و نانی نەدەکرد. هەموو شەو و ڕۆژێک شەڕ و هەرا و چەقەچەق بوو.

شەوێکیان هەر لە ئێوارەوە تا نیوەشەو شەڕەجوێن و چەقە و هەرای زێبا بوو لەگەڵ خەزاڵ و بایز. ئاخرەکەی بایز لێفەیەکی هەڵگرت و چووە مزگەوت بخەوێ تا سبەینێ فریای دووکان و کار و کاسبییەکەی بکەوێ. کە چووە ژوورەوەی مزگەوتەکە سەرێک لەژێر بەرماڵەوە قوت بووەوە. حاجی ڕەحیم بوو.

بایز بەپەشێوی سڵاوێکی کرد.

حاجی ڕەحیم: عەلەیکەسەلام! وەرە براکەم، وەرە زۆر بەخێربێی!

بایز بەکزێکەوە وەڵامی داوە.

حاجی: چییە، چ باسە؟ بۆچی وا پەشێوی؟

بایز: ڕەبب ماڵت وێران بێ! کوڕ و کچت بە کۆی زوخاڵ بێ، وەکو منت تووشی ئەم مەینەتە کرد.

حاجی دەستی کرد بەگاڵتەکردن: دەی دەی! ئەو تووڕەیییەی ناوێ. وەرە، برالە وەرە. ئا لەوێ بۆ خۆت بخەوە. تایەفەی حاجی کەریم هەر وان، نەختێ توندە تەبیاتن. خوشکی حاجییش لەگەڵ من و ژنە گەورەکەم هەر وایە. خوا هەڵدەگرێ هەر من بە تەنیا لە مزگەوت بخەوم؟

بایز لە داخاندا وەڵامی حاجیی نەداوە، چوو لەولاوە ڕاکشا. بەڵام بەهیچ جۆرێ خەوی لێ نەکەوت. بیری لە حاڵی خۆی دەکردەوە کە چۆن بەدەستی خۆی ماڵ و حاڵی لە خۆی تێک داوە: من لە کێچ ئاوا ئەگەر بە ڕۆژ دەچوومە بێگار، هیچ نەبێ بە شەو دەحەسامەوە. ئێستا کاسبییەکەم لێ بووەتە بێگار، حەسانەوەی شەویشم لە کیس چووە، ئاشنا و دۆستەکانم لێ تەکیونەتەوە.

خەزاڵیش ئەوەندە چەوساوەتەوە بەحاڵ گیانی لەبەردا ماوە. من لە دەست ئاغا ڕام کرد، کەچی لێرە بەدەستی خۆم ئاغام هێناوەتە سەر خۆم.

حاجی ئاگای لێ بوو بایز هەر ئەمدیو و ئەودیو دەکات و خەوی لێ ناکەوێ.

گوتی: برالە، خۆت ئەوەندە سەخڵەت مەکە. ئێستا بخەوە، بەیانی بەوردی تێم بگەیەنە چیت لێ قەوماوە. تەگبیرێکی باشت بۆ دەکەم.

بایز (بەبۆڵەبۆڵ): وەکو تەگبیرەکەی پێشووت! ئەگەر ئەمشەو ڕۆژم لێ دەبێتەوە ئیتر نە دیداری حاجی، نە خەوی مزگەوت!