قورئان خوێندن لە جیاتیی پارەی بەرتیل

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 9 دقیقه  590 مشاهده

پێش شەڕی دووهەمی جیهانی بوو، ڕۆژێک سەعاتی هەشتی بەیانی، گرووهبان ڕەزائی، سەرۆکی پاسگەی ژاندارمەی بۆکان هاتە دایرە، چووە هۆدەی کارەکەی، لە پشت مێزەکەی دانیشت، باوێشکێکی دا و جگەرەیەکی داگیرساند. دەستێکی دابووە بەرچەناگەی، بەدەستەکەی تریشی جاروبار جگەرەکەی دەنا بە لێویەوە و مژێکی توندی لێ دەدا. دەمی دەکردەوە و دووکەڵەکە لەسەرخۆ قەف قەف لە دەمی دەهاتە دەرێ. لەسەر مێزەکەوە بۆ لای میچی هۆدەکە خەتێکی مارپێچیی دەکێشا. دەتگوت کڵۆ خەڵووزێکی نەسووتاوە لەناو مەنقەڵی زستانی ماڵە فەقیرێکدا دووکەڵ دەکا و لە تاوی سەرما دەرگە یا پەنجەرە ناکەنەوە و بە دووکەڵەکە ڕازین.

لە ڕاستیدا دووکەڵەکە دووکەڵی عادەتیی جگەرە نەبوو، بۆچڕووکیشی لێ دەهات. کەسێ ناشارەزا بوایە وای دەزانی پاشماوە دووکەڵی تریاکی شەو لە کەلێن و قوژبنی ورگیدا ماوەتەوە و ئێستا تێکەڵ دووکەڵی جگەرەکە دەبێ و دێتە دەرێ. بەڵام نەخێر، بۆچڕووکی جەرگ و هەناوی بوو، ئاگر لە دەروونی بەربووبوو، خەم و خەفەت یا باشتر بڵێین ترس و خۆف ئارامی لێ هەڵگرتبوو، پەیتا پەیتا باوێشکی دەدا. وا دیاربوو شەو نەخەوتبوو، ئێستاش بەیارمەتیی جگەرەکێشان پەرۆش و پەژارەی شەوێ لە مێشکیدا لە بێژینگ و هێڵەک دەدا. دوای وتوویرەیەکی زۆر بەدەنگێکی سەرۆکانە نا، بەدەنگێکی لە عادەتییش نەرمتر بانگی کرد:

- حوسێن قولی!

حوسێن قولی، کە لە هەموو ژاندارمەکان دەمڕاستتر و بەگوڕ و گێچەڵتر بوو، هاتە ژوورەوە و تەق هەردوو لاقی لەیەک دا. دەستی ڕاستی تا بناگوێی بەرز کردەوە و بەدەستی لە بناگوێ نراو و بەورگی ئاوساویەوە دەتگوت کووپەی ترخێنەیە.

ڕەزائی: چەندی مانگە؟

حوسێن قولی: بیست و سێی مانگە.

ڕەزائی، هەناسەیەکی درێژی هەڵکێشا و لەبەر خۆیەوە گوتی: یانی حەوتوویەکی ماوە. ئەمجار ڕووی کردە حوسێن قولی:

- ئەم مانگە وەزعەکەمان زۆر شپرزەیە. ئەگەر مەعاشەکەی خۆشم و ئێوەشی بخەمە سەر دەری ناهێنێ. پێنج سەد تمەن لە کوێ بێنم؟ بەڕاستی بۆ ئێرە پێنج سەد تمەن زۆرە، بەتایبەتی لە بەهاردا، کە خەڵکەکە خۆشیان حاسڵی پارەکەیان تەواو بووە و هیی ئەمساڵیشیان پێ نەگەیشتووە، بەو کەژ و کێوانەدا بڵاو بوونەتەوە و خەریکی کار و کاسبین. نە شکات و شکاتکاری هەیە و نە کێشە و هەرا.

حوسێن قولی: دەی جا با ئەم مانگە هێندێک قەرزار بین، لە پاشان دەیدەین.

ڕەزائی: شتێکی سەیرە! تۆ چەند ساڵە ژاندارمی، کەچی ئێستا قسەی ئاوا دەکەی! مەگەر نازانی سەرهەنگ ئەم جۆرە قسانەی بە گوێچکەدا ناچێ؟

شتی وای پێ بگوترێ دەسبەجێ هەموومان دەگوێزێتەوە. لەوانەیە گێچەڵێکیشمان بۆ ساز بکا. ئەگەر شتومەکی خۆشمان فرۆشتبێ، دەبێ پارەکەی بۆ تەواو کەین. بەڵام ئەو قەرزەی دەیڵێی دەتوانین لەگەڵ خۆمانی بکەین، یانی ئەم مانگە هەر تەنیا بە مەعاشەکەمان بژین، وە لە پاشان تێی هەڵبێنینەوە.

حوسێن قولی: بەڵێ، بەڵێ، تێ گەیشتم، ئێستا پووڵەکەی سەرهەنگ چەندی کەمە؟

ڕەزائی: دوو سەد تمەن.

حوسێن قولی: خوا سەلامەتت کا، دوو سەد تمەن ئەوەی دەوێ؟

مەئمووریەتێک بدە بەمن، مەئمووریەتێکیش بدە بە ڕەجەب قولی، پووڵەکەی سەرهەنگیش تەواو دەکەین و هێندێکیش بۆ ئێوە دەمێنێتەوە.

ڕەزائی: ئەوەی دەمێنێتەوە بێ ئێوە نایخۆم، بەڵام لە حەوتوویەکدا ئەوە دەکرێ؟

حوسێن قولی: بۆچی ناکرێ؟ چارە نییە. ئێمە کە بووینەتە پیاوی دەوڵەت دەبێ زەحمەت بکێشین.

ڕەزائی: ئەوەندەی سەر دەهێنم و دەبەم، ئێستا مەئموورییەتێکی وا نییە کە ئەو هەموو دێهاتەی پێوە بگەڕێی. تەنیا دەوسیەی مازادی پارەکە هەیە، ئەویش ئێستا بەم بەهارە مازادی چی؟ ئەگەر کارەکە زل بێتەوە و بگاتە شکات و هاتوهاوار، تووشی مەینەتێکی زۆر دێین.

حوسێن قولی: نەخێر، نایەڵم بگاتە شکات و شتی وا، خۆم دەزانم چ دەکەم. تۆ بۆم بنووسە.

ڕەزائی، دەوسیەی مازادی پارەکە دەردەهێنێ و دەڵێ: بۆکان چوار بلووکی هەیە: تورجان، یەڵتەمر، یەختەچی، بەهێ. بە هەموویانەوە دوو سەد و چل دێن.

حوسێن قولی قسەی ڕەزائیی بڕی و گوتی: نا، نا، تورجان و یەڵتەمر، ڕووتە و پووتەن. وا بەپەلە هیچیان لێ هەڵناوەرێ. من بنێرە بۆ یەختەچی.

ڕەجەب قولیش بۆ بەهێ.

ڕەزائی بیرێکی کردەوە، دەستی دا قەڵەم و نووسی:

«ژاندارم، حوسێن قولی! پێویستە بچیتە سەر خاوەن مڵکەکانی بلووکی یەختەچی. هەرکەس مازادی پارەکەی لەسەر ماوە دەسبەجێ پێی بار بکەی و بینێری بۆ مەهاباد. ئەگەر بڕوبیانووی هێناوە بیهێنی بۆ ئێرە».

حوسێن قولی دوو ژاندارمی لەگەڵ خۆی هەڵگرت، تفەنگیان کردە شانیان و سوار بوون ڕۆیشتن. دەیزانی کوێ بژوێنە و کوێ کڕێنە. خۆی لە خاوەن مڵکە گەورەکانی کە دۆستایەتییان لەگەڵ سەرلەشکر و سەرهەنگ و شتی وا هەبوو بوارد، ڕووی کردە خاوەن مڵکە ناوەنجییەکان. ئەوەی مازادی لەسەر مابوو ١٥-٢٠ تمەنی لێ ئەستاند. ئەوەی لەسەری نەمابوو دەیگوت ناوت لەگەڵ ئەوانە هاتووە کە نەیانداوە. بچۆرە بۆکان لای سەرۆکی ژاندارم، بەشکم لەوێ ڕوون بێتەوە کە داوتە یان نا.

ئەملا، ئەولا، ئاخرەکەی بە ٥-٦ تمەن وازی دەهێنا کە ئەو سەفەرەی وەبەر نەخا.

حوسێن قولی بە ٤-٥ ڕۆژ دوو سەد تمەنی کۆ کردبووەوە. کەوتبووە کڕوکاشی زیادی. نێزیک نیوەڕۆ بوو گەیشتە گوندی (کانی تۆمار). لەوێ نیوەڕۆژی کرد و سەید حەسەنی خاوەن مڵکی ئاوایییەکەی هەڵپێچا کە بینێرێ بۆ بۆکان. سەید حەسەن لە کەمەوە و حوسێن قولییش لە زۆرەوە دەستیان کرد بەسەودا. لە دوای چەنە لێدانێکی زۆر لەسەر دە تمەن ڕێک کەوتن. حوسێن قولی دە تمەنەکەی وەرگرت و بەرەو (حاجی کەند) کەوتە ڕێ.

ئێوارە گەیشتە حاجی کەند. حەسەن ئاغای حاجی کەند لە دیواخان لەگەڵ چەند کەسی میوان دانیشتبوو. کە لە دوورەوە چاوی بە ژاندارمەکان کەوت، دەسبەجێ میرزای بانگ کرد و گوتی: بچۆ، بەهەر جۆرێک بێ کارێکی وا بکە بڕۆن، با نەبنە مووی لووت لە میوانەکان.

میرزا بە پیریانەوە چوو، دەستی کرد بەسەوداکردن لەگەڵیان کە ئەو شەوەیان لێ بکڕێتەوە. چەندەیان بداتێ لەوێ دانەبەزن و بچنە دێیەکی تر.

حوسێن قولی لە بیست تمەنەوە و میرزاش لە پێنج تمەنەوە دەستیان پێ کرد.

ئەو تمەن تمەن دەهاتە خوارێ، ئەمیش تمەن تمەن دەچووە سەرێ. حوسێن قولی لە دوازدە تمەن پێی چەقاند. میرزا کە دیتی ئیتر فایدەی نییە نایەتە خوارەوە، دوازدە تمەنی دایە. حوسێن قولی وەری گرت و نایە باخەڵی، ڕکێفی لێ دا و بەرەو (دارەگردەڵە) کەوتە ڕێ.

کە گەیشتە ئەوێ ڕۆژ ئاوابوو. لە ماڵی مامە عەلی دابەزی. هەرچەندە دارەگردەڵە کوێرەدێیەک بوو، مامە عەلییش دەرک و دیواخانێکی وای نەبوو جێگەی حەسانەوە بێ، بەڵام شەو داهاتبوو، ژاندارمیش دەستی شەوی نییە، ناچار بوو لەوێ بمێنێتەوە.

سبەینێ حوسێن قولی لە خەو هەڵستا. بە بەرماڵەکاندا ڕۆیشت، بچێتە سەر حەوز و ئاوەکە دەموچاوی بشوا. گەیشتە بەردەرگەی ماڵێک دەنگی قورئان خوێندن دەهات. لەوێ ڕاوێستا. بیری کردەوە و لە دڵی خۆیدا گوتی:

ئەمە هەرکەس هەیە، یان مەلایەک، یان حاجییەک، سەیدێک، شتێکی وایە.

دەبێ شەپکەشی لە سەردا نەبێ. کەوایە شتێکی لێ هەڵدەوەرێ.

فیکرەکەی بە شێوە و ڕەوشتی ژاندارمە ڕاست بوو، چونکە دەوڵەت قانوونێکی دانابوو دەبوو هەموو کەس چاکەت و پانتۆڵ لەبەر کا و شەپکە لە سەر نێ. جلوبەرگی کوردی، کە بەرگی میللیی کوردەکان بوو. قەدەغە بوو، هەرکەس لەبەریدا بوایە، بەپێی ئەو قانوونە تووشی گێچەڵێکی زۆر دەهات.

حوسێن قولی بێ پرس و ڕا چووە ژوورەوە. مەلا کەریم کە پیاوێکی پیر و ڕیش سپی و مەلای ئاوایی بوو، بەیانی نوێژی کردبوو، هێشتا لەسەر بەرماڵەکە بەرەو قیبلە دانیشتبوو قورئانی دەخوێند. پوورە مەنیجی ژنیشی چای لێ نابوو، بە دیاریەوە دانیشتبوو، تا مەلا لە قورئان خوێندن دەبێتەوە.

مەلا کەریم کە دیتی بەم بەیانییە لە جیاتی خێروبێر ئەو بەڵایەی لێ پەیدا بووە، سپی هەڵگەڕا و قورئان خوێندنەکەی لێ تێک چوو، بەخێرهاتنی حوسێن قولیی کرد و بە مەلاژنی گوت چای تێ کا.

حوسێن قولی بە نیوە کوردی و نیوە تورکی گوتی: چای ناخۆمەوە، دەچمە ماڵی مامە عەلی. خێرا خۆت ساز کە، دەبێ بێی بۆ بۆکان.

مەلا: من لە ڕێی هیچدا نیم، کارم بە چاک و خراپی دنیا نییە، پیر و پەککەوتووم، بۆچی بێم بۆ بۆکان؟

حوسێن قولی: گوێ نادەیە قانوونی دەوڵەت. نە شەپکەت لە سەرە، نە چاکەت و پانتۆڵت لەبەرە. مەگەر ئەمە بێ قانوونی نییە؟

حەمەشەریف دراوسێی مەلا کە چاوی لێ بوو ژاندارم چووە ماڵی مەلا، دەسبەجێ هات بەشکەم بەهەر جۆرێک بێ مەلا لە چنگ ژاندارم ڕزگار کا.

حەمەشەریف ڕووی کردە حوسێن قولی:

- کوڕە عەیبە، چیت لەم پیاوە دەوێ! ئەمە لە کوێ بڕ دەکا بێتە بۆکان؟

وازی لێ بێنە. ئینساف شتێکی باشە.

حوسێن قولی: من ئەم قسانە نازانم، پیاوی دەوڵەتم. دەبێ فەرمانی دەوڵەت بەجێ بگەیێنم.

حەمەشەریف حوسێن قولیی بردە حەوشەکە، هێندێ سرتەی لەگەڵ کرد و هاتنەوە ژوورەوە. حەمەشەریف گوتی: بە پێنج تمەن ڕازیم کردووە واز بێنێ، بزانن پێنج تمەنەکەی بۆ پەیدا کەن.

مەلاژن کە ئافرەتێکی پیر و ڕەق و ویشک بوو لە ترساندا دەلەرزی.

بەزەحمەت هەستا و دەستی کرد بە پشکنینی پڕوپرێسکە، ئاخرەکەی دوو تمەنی دۆزییەوە، دایە دەست حەمەشەریف و گوتی: بەخوا لەمە زیاتر لە ماڵماندا نییە. حەمەشەریفیش گیرفانی گەڕا تاقە تمەنێکی پێ بوو، دەری هێنا و لەگەڵ دوو تمەنەکەی مەلاژن دای بە حوسێن قولی و گوتی: نییانە، هیچیان نییە، ئەوەتا بە بەرچاوی خۆتەوە من تمەنێکیان بۆ دەدەم. منیش هەر ئەوەندەم پێیە ئەگینا درێخیم نەدەکرد.

حوسێن قولی کە دیتی هیچی تریان لێ پەیدا نابێ، سێ تمەنەکەی وەرگرت و ڕووی کردە مەلا:

- مامۆستا، لەبەر خاتری قورئانەکە ئەوا وەری دەگرم. دایکم دوو سێ مانگە مردووە، لە جیاتیی دوو تمەنەکەی تر قورئان بۆ دایکم بخوێنە.