موعەللیم
از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
2 دقیقه
964 مشاهده
ئەی موعەللیم ئەی فریشتەی ڕووی زەوی
ئەی سروشت و ڕێ و ڕەوشتت مەعنەوی
تۆ چرای ڕێ لێ گومانی بێ گومان
تۆ قەڕەوڵی ڕۆژ و کێشکچی شەوی
دابی زانین فێری منداڵان دەکەی
خاوەنی هەستی نەوەستی ناکەوی
تۆ نەبی منداڵ خولن دەخولێنەوە
ئەو لەوی دەکوتێ بە مستان ئەم لەوی
تۆڕی وا دەگری بە تۆڕی ماریفەت
بازی وەحشی ئەهلییە و کێوی کەوی
بۆ بەیانی باشی دەرسی بێچوان
تا بەیانی بێوچان داناکەوی
داری خۆشی کەی بە بێ تۆ دێتە بەر
سەروی نازی نەخلی بەرزی نانەوی
چاڵی نازانی لەسەر ڕێی کۆرپەمە
دڵنیام چون تۆ ترووسکە و پەڕتەوی
بۆ خەلە و خەرمانی زانین و هونەر
هێڵەگی جێ ورد و بێژنگ و کەوی
دەنگی تۆ نەغمەی سرووشی غەیبییە
زەنگی تۆ خۆشتر لە سەد قاسپەی کەوی
هەر ئەتۆ کردووتە هەستی ژانی گەل
هەر ئەتۆ چێشتووتە چێژی بێ خەوی
تۆ کە بەرپرسی پلەی فێر کردنی
تەربیەت کەمتر نییە پایەی لەوی
چاو لە دەستی تۆیە دایکی نیشتمان
ڕۆڵەکانی تەربیەت کەی نەسرەوی
چون لە سایەی تەربیەتدا زیندووە
داری ئازادی و تەن و ڕووحی قەوی
خوێندنە هۆی ڕاپەڕینی هۆزەکان
هەر بەوی خەڵکی زەوی چوون بۆ جەوی
با هەر ئی تۆ بێ کەلیمەی کۆڵنەدەر
راپەڕە، تێکۆشە، با هەر سەرکەوی
گیانەکەم پەندی حەقیقیتخلص بگرە گوێ
تا بە فریات بێ خودای بەرز و نەوی