پاییز

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 1 دقیقه  954 مشاهده
گەڵاڕێزانە فەسڵی خەزانە
کەوای خەزاڵان کەوڵی خەزانە
قاز و قورینگان لە دەم شەتاوان
بە شین و ڕۆڕۆ ڕۆین لە تاوان
سەرسەوز و بۆر چین لە دەرد و داخان
خزین خزانە بن بەرد و شاخان
نەما لە باخان نە گوڵ نە بولبول
چریوە نایە چ ما کوڵی دڵ
نایە و نابیسم لە مەل جریوە
لە شیو و دۆڵان قاڕە و قریوە
نە گمەی کۆتر نە قاسپەی کەو دێ
نە لەم سریوە، نە دەنگی ئەو دێ
کوانێ گوڵاڵەی دیو و نەدیوان
سوێسنە و هەڵاڵەی بەر قەد و شیوان
کوا هاڕە هاڕی ئاوی هەڵدێری
کوا بلوێری شوان کوا شەنگە بێری
گوڵی یاقووتی و گەڵای پیرۆزە
لە کوێن لێک بکەن جێژنە پیرۆزە؟
گەڵا وەریون زەرد و نارنجی
بۆ وا زوو ڕۆیی زەمانی گەنجی