بەهاری نیشتمان

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 2 دقیقه  1162 مشاهده
بەهەشتە نیشتمان فەسڵی بەهاران
لە کێو و کەژ لە نێو خێڵ و هەواران
بە بۆنەی سونبول و نەسرین و شەوبۆ
چڕ و چێو و چیا مەستن لە بەر بۆ
لە نێو باغان دەمێکی با کزەی دێ
بە شووی مووسا و بە فووی عیسا بزەی دێ
دوکانی عەترە بازاڕی قوماشە
بخوازە چی دڵت گرتی بە لاشە
لە شاخ و بەندەنان هەرچی ڕواوە
دەڵێی بە گوڵاوێ ئاو پڕژێن کراوە
وەهای لێکداوە کوێستان ڕەنگی ئەلوان
پیاز و سیری وەک گوڵ وان لە گەڵ وان
چکۆڵە و گەورە نین لەو مێرگ و حەوشە
لەگەڵ هاوشانی هاوشانن وەنەوشە
هەموو دوودوون گوڵی سوور و سپی و ئاڵ
لە دەوری ئاوەکان وەک چاوی قڕژاڵ
بە عەینی بووکی ڕازاوەن پەل و چێو
جلی حەوڕەنگیان پۆشی کەل و کێو
بە زەینی من لە شەرمی نەخشی جوانی
نەمانی چاترە «مانی» لە مانی
پڕی چێو و چڕی دەنگی کەوانە
لە گوێن ڕەنگی کەون ڕەنگین کەوانە
لە لایەک زاو و ماکە و لایە هاوێر
لە لایەک هاڕەهاڕی ئاوی هەڵدێر
بە شەو ڕامێنە ئەستێر و شەتاوان
جم و جووڵیانە ئەستێران لە تاوان
دەڵێن داخۆ چ قەوماوە لە ئەرزێ
نەهاتوو «زەلزەلەی ساعەت» ئەلەرزێ