بەهار

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 3 دقیقه  1365 مشاهده
چزەی برژانی جەرگم بوونە بۆسۆ
قەڵای بەفری سپی کردن قەڵاچۆ
نەیارێکی دژە زستانی نامۆ
شوکر دەرچوو لە ناخی دڵ کوڵ و کۆ
ئەوا بای وەعدە هێنای بۆنی شەوبۆ
بەهارە و سەردەمی سەیران و گەشتە
دەر و دەشت و چیا وێنەی بەهەشتە
لە بژوێنی زەمەندی کێو و دەشتە
تەبەق جاران حەوت بوو ئێستە هەشتە
زەوی هەروا لە شک دا هەشتە یا نۆ
پەڵەی هەوران کران دیسان حەواڵە
لە کێوان گرمە گرم و ناڵە ناڵە
لە حاندی بۆنی بەیبوون و هەڵاڵە
عەبیر و میشکی چین مەشکەی هەڵاڵە
لە مەولا عەتری قەمسەر کەم دەکەن بۆ
لە نێو باغی گوڵان شەونم دەبارێ
سەفا دێ خەو دەتۆرێ خەم دەتارێ
لە رازان قاز و قومری دێنە خوارێ
قەلی ڕووڕەش بڵێ با خۆی وەشارێ
لە بەر چنگ و پلی بازان و شاهۆ
ئەگەر بەرز و نەوی دیوە و نەدیوە
ئیرەم دیو دیمەنی ئاوای نەدیوە
ڕەقیبی کاخ و قەسران کۆخ و دیوە
نموونەی جەننەتی کەیوان خەدیوە
هومای ئەندێشە ماون دەستەوئەژنۆ
لە دەشت و چیمەن و یاڵ و قەد و شان
سەف ئارایی دەکەن پۆلی وەنەوشان
شلێر و سوێسنە هەم سوڵتان و هەم شان
ڕەفیقان خەو بەسە وەختی تەماشان
بەیان بەربوو گزنگی دا لە ئاسۆ
لە سەر سینەی چیا لێزگەی گوڵی یاس
بە عەینی خشڵ و گەردەنبەندی ئەڵماس
گوڵ و بولبول لە گەڵ یەک لێ دەدەن لاس
دەخوێنن «ان يكادعربی» و سووڕەیی «ناسعربی»
هەتا دوور بن لە چاوی پیس و شانۆ
شەوی مەهتابە شەونم شوعلە ڕادێر
دوڕی وردن پڕیشکی ئاوی هەڵدێر
ڕەفیق و هەمدەمم لەو دەشتی زەنوێر
حیکایەت خوانی مەولانایە بلوێر
کەوی کێوی دەفە و چەنگە و پیانۆ
گزنگ ئەنگووت و گوڵ پشکووت و باری
لەسەر فەڕشی زوموڕڕود ڕەنگی باری
بەهار! ئەی بووکی بێ وێنەی لەباری
قەتاری بارەشایی زێڕە باری
کەمە بۆ زێڕوەشان سەر باشە کۆکۆ
بە یاری ڕۆژی ڕووت و پەرچەمی شەو
بە ڕۆژی ڕوون دڵت بردم بە شەو خەو
قسەن پەیمانی ئاتلانتیک و وەرشەو
ئەوان با هەر لە فێڵێ بن لەم و لەو
ئەمن پەیمانی تۆ نادەم بە ناتۆ
بە خونچەی پێکەنی گوڵ بۆیە سڵ بێ
نەڵێ وێنەی دەمم پەرژینی گوڵ بێ
لە دووری تۆ ئەگەر ژینم بە دڵ بێ
ئەگەر دڵ غەیری تۆ بۆ کەس لە کوڵ بێ
لە پێی مەحشەر وەباڵی تۆم بە ئەستۆ
پەیامی دا جەوانێکی هەوەسباز
بە پیرێکی کە هێنابووی لە ژین واز
کە تۆش بووتە وەکوو من یاری مومتاز
ئەتۆش دیوتە لە یاران عیشوەوو ناز
چ ماون خاترەی ئەو دەم لە لای تۆ
وڵامی داوە ئێستا هەر مناڵی
ئەتۆ عیشقی مەجازیت دیوە کاڵی
لە شێخی مەسنەوی جۆیا بە حاڵێ
کە دڵ بێ عیشق سندووقێکە خاڵی
دڵێکی وا کە تۆ نەتدیوە ئەوتۆ
لە شەوقی ڕوومەتی وەک شەم دیاران
شەوارەن کەو لە کوێستان و هەواران
بە یاران بوونە باغی گوڵ بەیاران
حەقیقیتخلص تۆ بڵێی کاتی بەهاران
ڕەفیقانم بکەن یادێکم ئاخۆ