غەزەلی چوارەم

هاتنەوەی زستان و نەهاتنەوەی دڵ
از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 2 دقیقه  825 مشاهده
ئازیز زمسانە ئەوا زمسانە
چە وادەی دیسان لە کوێستانانە
تاکەی چاوەڕێی هەوا خۆش بوونی
خۆ پاییز نەما زوقم و زەبوونی
ئازارت ئەدا سەهۆڵ و سەرما
بێرۆ بۆ وەتەن بۆ جێگەی گەرما
جارێ هەر خۆشە ئەم هەرد و دەشتە
ئەگەر تۆی تیا بێ ئیتر بەهەشتە
ڕۆحی بە ڕەحمەت پیری مەعنەوی
هەر بۆ تۆ فەرموو یەعنی مەولەوی
فەسڵی خاو نییەن وادەی شکارەن
دەشتەکەی پای هەرد شاکەل دیارەن
هەردی شاکەل و دەشتی وەک بەهەشت
شایەنی تۆیە شکار و گوڵ گشت
کوێسان زەحمەتە بۆ گەرمیانی
خۆ قوربانیشە نابێ نەیزانی
جەژنی قوربانە ڕۆی ئازادییە
دەس لە ملانە بەزم و شادییە
یەکێ دەس لەمل گەردن ئازادی
یەکێ سەرخۆشی سەیرانی شادی
منیش چاوەڕێی بەژن و باڵای تۆم
موشتاقی شێوەی جوانی سیمای تۆم
تەواو پەشێوی شیوەی شەنگی تۆم
شەیدای ڕوخساری لالەزاری تۆم
بۆ نادیاری گیانی شیرینم
زانکۆش بێ تۆیە، سەرمایەی ژینم
ئاخر ساڵتە دەرچی لە زانکۆ
دکتۆرا ئەبی بۆچی ناچیتۆ
بێرۆ بۆ شاکەل نەچی بۆ ئەوی
لامان میوان بە چەند ڕۆژ و شەوێ
خەمی ئەم بەینە لە بیرمان بەرۆ
شادی دەست پێ کەین دیسان لەسەرۆ
حەمە و عوسمانیش هەروەک من وانە
دڵیان پڕ لە خوێن چاو پڕ گریانە
ئەم هەردا و ئەو هەرد سەرما و ڕەنجۆری
زەحمەتیان نادا وەک دەردی دووری
خۆ حوسنی سەعید باسی ناکرێ
شەرحی شەوقی ئەو هەرگیز ناکرێ
کاتێ کە ئەڵێ: کەکەم لە کوێیە
شۆر و شەیداییم تەواو بۆ تۆیە
موخلیس پیاو و ژن ئامۆزا و برا
لە دووری تۆیە ئەسووتێن وەک چرا
ئاخر ئازیزم بێرۆ لەم جەژنە
بەژدارم بکە لەو باڵا و بەژنە
دیداری تۆیە جەژن و بەراتم
قوربانە بۆیە تەمای خەڵاتم
نانووسم ئیتر تا ئاخر بەهار
نامەی ئیشتیاق بۆ دیداری یار
ئەگەر مام ئەوسا نامەی دیاری
ئەنووسم بەڕێز هەروەک مرواری
گەر گورگی مەرگت نەبووە بە میوان
ئەی بۆ نایەی تۆ بۆ دەشتی کەنعان