سەرمای سەقز

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  770 مشاهده
مەیێ دەر ئامان وشک ئەبی ڕۆڵە
قاری خوایە ئەم سەرماوسۆڵە
ورچ بە ورچی خۆی لە کونا ڕەق بوو
لوولەکەشی ئاو لەتلەت و شەق بوو
حەوز و ئەستێرە و بیر و چەم بەستی
هیچکەس بۆ دەسنوێژ تەڕ نابێ دەستی
مەنجەڵ و گۆزە و شیشەی ئاو تەقی
یەخەکەی ماوا لەوێ بە ڕەقی
باڵندە و ڕێوی و گورگ و مشک و مار
هەریەک لە کونا ڕەق هەڵات وەک دار
کردی بە سەدی یاجووج کەلیخان
شەق بوو ئیسفاڵتی پردی وەڵیخان
پچڕا و ڕووخا و نیوەی کەوتە چەم
بە سڵامەتی پیاوانی بێخەم
بەعزێ ئیدارە و مەدرەسە چۆڵ بوو
لە هەرجێ باسی سەرما و سەهۆڵ بوو
خۆ جەنگەڵبانیش خوای لێبێ ڕازای
خوا بیخاتە بەر مەحکەمەی قازی
نەیهێشت بانەیی فەقیر و هەژار
وەک جاران بێرن نە خەڵووز نە دار
تاکوو فەقیر و هەژاری سەقز
زمسانی زاڵم وا نەیانکا کز
پیاوێ شۆخ ئەیوت ئەمانەش سەرمان
غەزەبی خوایین هاتوونە سەرمان
لە هەموو پیستر خۆ شیرکەتی نەفت
یەخوا زەلیل و کز بێت و کەنەفت
زەخیرەی نەبوو لەبۆ ڕۆژی ڕەش
فەقیر و هەژار مەحرووم و بێبەش
لەم سەرما سەختە کە وا ڕاسەوڕاس
لووت و گوێ ئەبڕێ وەک تێغی ئەڵماس
وەک کۆللە مەخلووق لە ورد و درشت
بە شانەچرکێ و جوێن و شەڕەمشت
هەتا دوو سەعات ئەتەزی و ئەمرد
لەپڕ زۆردارێ بەشەکەی ئەبرد
شەڕەخەنجێر بوو بۆ تنۆکێ نەوت
هاواریان ئەبرد بۆ مەلەکەلمەوت
دەسدار ئەبرد و بێدەس ئەیڕوانی
سکاڵای ئەکرد لە زیندەگانی
تێر مەعلووم ئاگای لە برسی نییە
ئاگای لە سەرمای ژێر کورسی نییە
هیچ کەس نازانێ ئەحواڵی فەقیر
مەگەر هەر خوای عەللام و بەسیر
ئۆمێدەوارم نەهێڵن قەوی
ئیتر وا فەقیر بخاتە زەوی!