تڕی زل

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  815 مشاهده
تڕی زل چەن جوانی خستە عەرز چەن کەسی فەوتان
کە موحتاجی دەسی هەر ناکەسێکن بۆ لەتێ سننان
کوڕم عوسماناعلام بنێرمە مسگەری؟ عوسمان مەگەر کێیە
نەوەی شاهی سیڕاجەددین و ڕووڕەش بوون و قنگ سووڕدان
نەوەی کاک ئەحەمەدی شێخ بێت شوغڵی نانەوایی کا؟
وەکوو مەیموون خەریکی ئارد ئاوبێت و هەویرشێلان
لەبۆ باڵا گەلێ بێجایە بفڕین هەروەها چاکە
لە سەقز دەرنەچین و بینەوە بۆ سەر تەپی ماڵان
کوڕی حای شێخ برایم چۆن ئەبێ بەقاڵ و چەقاڵ بێ
نەوادەی ئەردەڵان و جاوفرۆشی؟ خان و چیت پێوان؟
خەریک بووم بچمە دەللاکی کە زانی تووڕە بوو مامەم
وتی بەهـ بەهـ ئەشۆری لنگ و قنگی حیز و نامەردان
وتم ئاخر ئەبێ کەسبێ بکەم نانێ بەدەست بێنم
وتی خوا ڕازقە هیچکەس لە برسا نامرێ بۆ نان
وتم قورئان بە ئێمەی دەرسی کۆشش دا هەتا مردن
وتی مەعلوومە کاکە نیتە دین و مەزهەب و ئیمان
لە شانی ئێمە دوورە بینە چەرچی و پینەچی و کاسب
ئەگەر لێمان بقەومێ یا دزی یا شوغڵی دەروێشان
لەبۆ ماقووڵ و ناودار عەیبە کەسب و سەنعەت و تەحسیل
ئەبێ وەک گوێرەکەی بێ پەت بسووڕیتۆ لەنێو کۆڵان
خوا تۆ نافیعتخلص و ئەولادی ئەو دەرکەی لە فیزی زل
گرفتاری نەکەی ئیتر بە دەعیە و دەردی بێ دەرمان!