عەقڵ میوانە

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 3 دقیقه  766 مشاهده
ئەی برا زۆرە کەر لە دنیادا
کە لە شانس و هات و هەل لادا
وەکوو پێشینیان وتوویانە
کە عەقڵ خۆش نشینە میوانە
داستانە جوانێکی سەرسەخت
هەوڵیدا زۆر لە شوێن فریشتەی بەخت
تا بە خەو ڕاهیبێ خوا و ڕاسان
جێی فریشتەی ئومێدی پێ ناسان
وتی ئەوەڵ ئەچیتە لای شێرێ
پاش ئەوەی لای درەختی ئەنجیرێ
سێهەمین لای کوڕێکی شازادە
داری شمشادە سەروی ئازادە
هەر یەکێکیان شکایەت و ڕازێ
ڕاسپێری و پەیامی جیاوازێ
پێت ئەڵێن بۆ فریشتەکەی ئیقباڵ
تا گرێی بەختیان ببێ ئاواڵ
جوان لەسەر ئەمری ڕاهیبی زانا
خۆی گەیانە مەکانی ئەم سیانا
شێر وتی دایما سەراسێمە
حەیفە کزبوونی تایفەی ئێمە
بە فریشتە بڵێ ئەمن چ بکەم
چۆن بکەم من عیلاجی ئەو دەردەم
دار وتی میوەکەی من تاڵە
چۆن نەجاتم ئەبێ لە ئەم حاڵە
وتی شازادە من دڵم تەنگە
قورسە دنیا لەسەر سەرم سەنگە
چ بکەم تاکوو بێغەم و شاد بم
لەم هەموو دەرد و غوسسە ئازاد بم
وتی باشە پەیامی ئێوە و خۆم
ئەگەیێنم خەریکم ئێستە ئەڕۆم
پاش ئەوە چەند شار و دێی پێوا
تا گەیشتە فریشتەیی هیوا
دی لەسەر دارێ نوورێکی ئاوی
کردبووی دەوروپشتی نووراوی
بە زبانێکی زۆر فەسیح و ڕەوان
وتی زۆر زۆر بەخێر بێی کاکی جەوان
من فریشتەی سروور و بەختەوەریم
لە غەم و غوسسە و پەژارە بەریم
دەردی خۆت بێژە تا عیلاجت کەم
لە هەموو دەردیسەر نەجاتت دەم
وتی قوربانی لوتف و ڕەحمەتی تۆ
چوار تەقازام هەیە لە خزمەتی تۆ
خۆم هەوەڵ دوو درەختی هەنجیرە
سێهەمین شایە چوارەمین شیرە
خۆم کەموکورت و شێرە بێ حاڵە
شا دڵی تەنگە دار بەری تاڵە
جوابی داوە فریشتەکەی ڕەحمەت
گوێ بە قەولم بدە بە بێ زەحمەت
ژێری ئەو دارە کووپەڵەی زێڕە
کە هەمووی گەوهەرە دەریبێرە
دەریبێری بەری ئەبێ شیرین
هەندە شیرین ئەوێ وەکوو هەنگوین
هەم بە شازادەکە بڵێ کە کچێ
شوو بکا دەسبەجێ لە غەم دەرئەچێ
بڵێ شێریش کە مێشکی پیاوی کەر
هەڵمژێ چاک ئەبێ لە دەردیسەر
پاش ئەوەش خۆت ئەبیتە کامڕەوا
ژنی جوان و نەجیب و بەرگ و نەوا
ڕوو بە ماڵ هاتەوە پلەزیقان
بازی ئەدا، ڕایئەکرد و ئەیفیقان
هاتە لای دار و کارەساتی وت
دار وتی بەختی خۆت مەکە لەتوکوت
دەری بێنە خوا بە تۆی داوە
لەم هەموو نێعمەتە مەچۆ دواوە
وتی نا ڕسقی من جیاوازە
ڕازی نابم ئەمن بەم ئەندازە
هاتە لای شا و پەیامەکەی هێنا
شا وتی بێ نزیک و گوێت بێنا
من کچم چەندە نازک و جوانم
گەلێ جوانتر لە شای پەریانم
کەسێ ئاگا نییە لە ڕازی من
وەرە بمخوازە لێرە بمکە بە ژن
وتی نا قەت نەسیبی من تۆ نیت
من گەلێ جوانترم ئەوێ تۆ چیت
هاتە لای شێر تەواوی سەرهاتی
بۆ بەیان کرد و مەیل و ئاواتی
شێر وتی ئەی کەری نەفامی دەبەنگ
قافڵەی تۆیە تا قیامەت لەنگ
ژنی جوان و نەجیب و شازادە
گەنجی بێ ڕەنج و ماڵی ئامادە
چیت دەوێ تۆ لە خالیقی بێچوون
دە ورە پێشەوە سەگی مەلعوون
تاکوو کەللەت بە پەنجە دەربێنم
جمجمەی تۆ بە کەڵپە بشکێنم
پیاوی کەر تۆیت و ئەی برای کەری من
مێشکەکەی تۆ شیفایە بۆ سەری من
ئەی شپرزەتخلص نەبی بە تیکەی شێر
لەوە خوا داوێتی تەسەل بە و تێر!