بیری دێنشینەکان

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  781 مشاهده
لادێیی هەرگیز بە کەر مەزانە
مەڵێ نەفامن وەک کێوی وانە
ئەوانیش لە تۆ خاوەن بیرترن
پێت ناخۆش نەبێ لەتۆ ژیرترن
ئەزانن شۆن و ڕێگای ژین چۆنە
ئەڵێن کە ڕۆژان ڕۆژیان لە شۆنە
ڕێگای سیاسەت زۆر چاک شارەزان
جا لە قەز خۆشیان ئەکەن بە نەزان
زمسانێکی تووش لە کوێرەدێیێک
ڕێکەوت مامەوە دوو مانگ لە جێیێک
سۆفی حەمەمین، کاحەمەشەریف
کوێخا ئەولمەجی، ئەحمەدی حەنیف
دەروێش ئەلی وەیس، کەریم پارەپیس
فەتەدۆم ڕەحیم، سەعدی خابڵکیس
فەقێ برایم مەلا عەودڵا
شێخەسەن، عەبە، خولەی کاعەوڵا
حەمەڕەش، کەرەم، مچەقەلیانخۆر
وەسا سڵێمان، فەحەی عەزەبۆر
مارف و قالە، قاسمە کوڵکن
ڕەسووڵە گیسکە، حەمە دووبزن
کۆمەڵیان ئەبەست شەوان لە مزگەوت
ئەدوین یەک یەک لە مەسئەلەی نەوت
لە پشتیبانی ئامریکا و پووڵدان
لە سیاسەتی پادشای ئێران
لە فڕوفێڵی دوژمنی ئیسلام
لە زوڵم و زۆری مەئمووری نەفام
هەریەک عەقیدەی خۆی ئەکرد ئیزهار
هەریەک بە جۆرێ ئەهاتە گوفتار
شەوێ یەکێکیان گیری لێم هاورد
بە تیر و تانە منیان لە ڕوو برد
وتیان نەجیم هەی ئەمە بەڕاسی
بۆچ وا مەلوول و بێدەنگ و باسی
تۆیش باسی شایێ یا خۆ وەزیرێ
شێخێ، دەروێشێ، خانێ، فەقیرێ
فەرموو ئەمجارە جا نۆرەی تۆیە
گوفتاری عەوام سەرپای درۆیە
ئەما قسەیێ لە تۆ ئەپرسم
لای کەس ناوێرم بێژم ئەترسم
توخوا بۆچ کوردی نانووسن ئێوە
هەر بە فارسییە هەرچی کتێوە
ئەگەر قاقەزێ بنووسن بۆ دێ
مامۆسا نەبێ کەس حاڵی نابێ
«فدایت شوم یانی»فارسی چی بابە؟
«بە سەرگەردت بم» بۆچی خەرابە؟
لەجێی «سوختم رسیدم به‌ موتفارسی»
دەبا بنووسن «پڕووزەم لێکەوت»
بەخوا ئاغەگیان خەتای ئێوەیە
ئێوە سەواد و قەڵەمتان هەیە
کەی چوار نەفەرتان بە زووانی وڵات
کاغەزتان بۆ چوارکەسی وەک من هات
وتم: کاکەگیان ڕاسە عەوامن
بەڵام زۆر چاتر لە من ئەفامن
دوێشەو خۆت وتت هەزار قەواڵە
لە مەقابیلی زۆرا بەتاڵە!