وا دیسان کەللە و و خەیاڵم مەیلی غەمباری ئەکا

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  1075 مشاهده
وا دیسان کەللە و خەیاڵم مەیلی غەمباری ئەکا
پارە بێ یاڕەب دڵم بۆ ڕشتەیێ پاری ئەکا
وا خەیاتەی خاوی فکرم هەڵدەکا خاتوو خەیاڵ
هێن درێژە ڕیسەکەی تا تووشی ئازاری ئەکا
دەفعەیێ بێتاقەتی بۆ ماچی لێوی ئاڵ ئەکا
ئارەزووی مەحبووبی لووسی مەستی خەمماری ئەکا
تاوێ ئەمبا بۆ گوڵ و ئاوی چەم و دەوری چەمەن
ئارەزووی تار و کەنار و بەزم و مەیخاری ئەکا
تاوێ تر دنیا لەلای تاریکە خەڵکی پێ کەرە
هاتووچۆی مزگەوت و مەیلی نوێژ و دینداری ئەکا
ڕۆژێ ئینسانێ بە شەوق و خۆشزبان و ناتیقە
ڕۆژێ بێ هۆش و خەمۆش و بێ زبان زاری ئەکا
گاهێ مەغزی خاڵییە هەرچی بڵێن زوو حاڵییە
گاهێ بۆ کەم مەتڵەبێ نێو مەغزی نەججاڕی ئەکا
ئارەزووی بێجا سەراچەی کەللەمی هێنا لە بێخ
وا لە لایەکی ترۆ مەشغووڵە مێعماری ئەکا
ئەغڵەبی ڕۆژ ساز و دارای کەیف و قاقا و پێکەنین
ئەغڵەبی شەو بێدەماخە و مەیلی بێداری ئەکا
ئەونەهای ڕست و وتی کەس گوێی نەدایێ وا ئەمیش
هەر لە داخی مونکێران تەقلیدی کۆففاری ئەکا
ئەنوەری ئەمڕۆ لە داخ جوێن و قسەم بێدەنگ و مات
شێخ ڕەزایش ئەمڕۆ لە زەمم مەیلی بێعاری ئەکا
ڕۆژ هەتا ئێوارە سەرقاڵم لە خۆمۆ بێ ئەساس
فیکری من تەقلیدی کاری گاوی عەسساری ئەکا
حاڵی من ئەم حاڵەیە بۆیە وەها پادەرهەوام
شاهی من بەو نەوعە وا قانوونی خۆی جاری ئەکا
حاڵی ئا ئەم ئەحمەقەم پرسی لە ئەقڵم پێی وتم:
سۆزی عێشقە وا لە دڵدا کاری بێکاری ئەکا
نافیعتخلصیش داماوە عەقڵی بێدەسە و عیشقی قەوی
وا هەوای قۆڕ ڕێبەری هەر ناحیە و شاری ئەکا!