بەشارەت لە گشت مەئموورەکان ئەوا تیاترۆ هاتەوە
از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
2 دقیقه
1050 مشاهده
بەشارەت بێ لە گشت ئەفرادی مەئموور
هەموو چاو ڕوون بن و دڵ شاد و مەسروور
لە سایەی خواوە دەرکەوت ڕۆژی پڕ نوور
بەسەرچوو شەو، نەما هەنگامی دەیجوور
***
شوکر ئەسبابی کەیف و زەوق و عوشرەت
هوجوومی کردە سەر شار بۆ دەفعی میحنەت
کەمان و عوود و قانوون، سەیری قامەت
هوزارە و قومرییە بۆ باغی عوشرەت
***
عیلاج و مەڵهەمی بۆ قەلبی پڕ غەم
جەمال و دەنگی خۆش و زوڵف و پەرچەم
ئەمانە هێزی گیانن نەک هەموو ژەم
قوبووڵی و تاس کەبابی و تیکە ئیزرەم
***
چ ڕۆژێ بوو کە دوێنێ ڕۆژی مەحشەر
خەلایق تێکڕژابوو جوملە یەکسەر
لەبەر «فیکتۆریا» بوو ئەی برادەر
کە خەڵقی هاتەدەر وەک ڕیزە عەسکەر
***
هەموو مەئموور دەماغی بەزم و خۆشی
لیباسی فاخیر و نایابی پۆشی
بەیادی ئەم قودوومە جامی نۆشی
بەهیممەت بۆ زیارەت تێ ئەکۆشی
***
..................... عاشقی «فیکتۆریا»یە
لە ڕێی ئەو دائما ڕۆحی فیدایە
بەبێ ئەو ژینی هەر دەرد و جەفایە
موحاسیب یەک دەلیلە لەم لیوایە
***
ڕەئیسی بەلدە وردی تا درشتی
لە داخی هیجرەتا کۆماوە پشتی
وەکوو مەجنوون فیراریان کردە دەشتی
کەوا هاتۆتەوە چاک بۆوە گشتی
***
موهەندیسمانە تا ئێستا لە شین بوو
سەراپا ئیشکەری مات و حەزین بوو
دەروونی کون کون و زام و برین بوو
کەچی ئەمڕۆ بەخەندە و پێکەنین بوو
***
مودیری دائیرەی ڕێژی ئەمین بەگ
لە قەهرا ورگی ئاوسا بوو بەدیبەگ
وجوودی خۆ نەمابوو غەیری دوو ڕەگ
کەچی ئەمڕۆ کە تۆی دی کەوتە ئاهەنگ
***
قودوومی ئەو لەبۆ هەر گەنج و پیرێ
خیلافی تیا نەبوو وێنەی نەزیرێ
ئەبێ لەم ڕۆژە تەئریخێ بگیرێ
لە دەفتەردا بنووسرێ هەڵبگیرێ
***
ڕجاتان لێ دەکەم ئەی خزم و یاران
کە زۆر تێ هەڵنەچین وەک جاری جاران
لەسەرخۆ بن لە ئیشێکا کە کردتان
هەتاکو زوو نەبن لات و پەرێشان