بێزاری
از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
1 دقیقه
1295 مشاهده
لە حاڵم بۆیە بێزارم، تەماشاکەن کە چەند عەکسم
لە پەستیی بەختی ناپوخت و لە بەرزیی عیززەتی نەفسم
لە کوللییەی ژیانا من هەزاران تەجرەبەم دیوە
کەچی ئێستا کەوا تازە خەریکی مەکتەب و دەرسم
بەدووڕوویی و درۆ و ساختە گەلێ کەس پێ گەیی، ئەمما
منی بێکەستخلص لەسەر ڕاستی بەدائیم گیرەوەی حەپسم
ئەوانەی دوێنێ گاڵتەم پێ ئەکردن ئێستە زۆر بەرزن
تفوو لەم بەختە سەرسەختە و لە ناوچەوانی وا نەحسم
زەمانی پیاوی جاسووسە، چ وەختی سیدق و نامووسە
لە هەر لا باسی ئەخلاق و وەفا بکرێ ئەبێ هەڵسم
ئەوەندە تەعقیبی حەقم کرد هەتا وا سووک و ڕیسوا بووم
هەزاران لەعنەتم بۆ دێ لە هەر شوێنێ کرا بەحسم
ڕەواجی کوانێ لای خەڵقی وتار و شیعری پڕ مەعنا
گەلێ کەس پێکەنینی دێ بەگوفتار و دەم و لەوسم