شاخی گۆیژە

از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
 2 دقیقه  1961 مشاهده
وا مەزانە گۆیژە نزمە چونکە تەبعی عالییە
نازری قەسرێکە جێگەی شانشینی والییە
جەننەتی ڕوویی زەمین و وێنەیی باغی بەرین
سۆزە بایێکی هەیە وەک مووس وایە بۆ بڕین
شۆخ و شەنگ کێوێکە شای کێوانی سەر ڕوویی زەمین
گەر کەون مەحبووبەیەک بێ، شاخی گۆیژە خاکییە
بەرزە تەبعی تا بمێنێ تەوقی کەس ناکاتە مل
تووڕەیە و تۆڵەسێنە دەردی دڵ ناباتە گڵ
سوبحدەم دەنگی پەشێوە وەک گوڵێ هەستێ لە خەو
چونکە زوڵفی ڕۆژی بەرکەوت ئیکە دەشکێ سامی شەو
بۆت دەکاتە دەشتی مەحشەر، دەنگی بولبول، دەنگی کەو
عانی زەردەپەڕ، دەنەخشێنرێ بەخوێنی جوان و دڵ
فەسڵی زستان دای دەپۆشێ بەفری تازە وەک بلوور
مەنع ئەکا وەک شێری بێشە هاتوچۆکردن، عبوور
ڕەسمی شادیش دەپۆشێ خەرقەیێکی گوڵ گوڵی
گوڵشەنە، گوڵزارە گیرۆدەی هوزارە سەرچڵی
ئاسن ئەتوێنێتەوە ناڵەی حەزین گریەی دڵی
شێت و شەیدایە دەبەنگە، دەشت و سەحرا ماڵییە
جێیەکی پیرۆزە زیاتر جێگەی شێری نەڕە
پڕ لە ئازا پڕ لە عاقڵ و دلێر شەڕکەرە
سەنگەری ڕووی دوژمنانە سەختی ڕووی زەحمەتە
بیلخولاسە بۆ ژیانی ئێمە کانی ڕەحمەتە
بێشەی شێری ژیانە قەت مەزانە خاڵییە!
عەکسی خوێناوی شەهیدانی لەسەر ڕووی زاهیرە
لایەقی تەقدیسە چونکە بێ خەتایە تاهیرە
لایەقی تەقدیرە چونکە فەخری کوردی وا لەسەر
شایەنی ئیعجابە چونکە فەجری کوردی وا لەسەر
ئیحترامی فەرزە چونکە قەبری کوردی وا لەسەر
ئاخیری تۆڵە دەسێنێ، شێر لە قەتلا ماهیرە